وتار
پرسیاری بەردەم حکومەتی عیراق
ستران عەبدووڵا
پرسیاری بەردەم حکومەتی عیراق ئەگەر پرسیارێکی جەوھەری بێت، لەسەر ئەوە نییە کەی پێکھاتەکەی تەواو دەبێ و دوا ئیستحقاقی سیاسی و پشکی پێکھاتەکان چۆن رێکدەخرێت؟ لەسەر ئەوە زۆر وتراوە و نووسراوە. پرسیاری جەوھەری ئەوەیە؛ پەیام و پرۆگرامی ئەم حکومەتە بۆ عیراقی چوار ساڵی داھاتووە کە خۆی تەمەنی دەستووری کابینەکەیە، یاخود نا؟.

حکومەتی پێکھاتوو بەو کەفائەت و لیاقەتە پێکھاتووە کە لایەنەکان لەسەری ساغبوونەتەوە و گەرما و سەرمای ئەم دەورانەی ھەڵگرتووە. ھاوسەنگیی پێکھاتەکان، حزبەکان، تازە ئیتر لەمەودواش، ھاوسەنگیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی گەڵاڵەیان کردووە. تاقیگەی کیمیاوی کە حکومەتی لەسەر دانراوە لەسەر تەوقیتی پایز و زستانی (٢٠١٨) و ئەوپەڕی (٢٠١٩) قوڕمیش کراوە، بەڵام حکومەت بۆ چوار ساڵە و ئەرکی چوار ساڵی داھاتووشی لەسەرشانە. 

وا حکومەت ھەیە، شەرعییەتی دابین بووە و بەپێی رێڕەوە دەستوورییەکان مۆری رەوایی لێدراوە، ئایا خۆی بۆ چوار ساڵی داھاتوو داناوە و پێشھاتەکانی چوار ساڵی دادێی لەبەرچاوە، یاخود بە کەشوھەوا و ھاوسەنگیی سبەینێی سپاردووە؟.

چوار ساڵی داھاتوو ماوەیەکی زۆرە. بەشی زۆر لێقەومان و بەسەرھات دەکات. حکومەت بەدیدی ئەو لێقەومان و بەسەرھاتانەی دێن، خۆی تەیار دەکات؟، یان پێشبـینی نییە و سیناریۆی روبەڕوبوونەوەیان بۆ زەمەن جێدەھێڵێ؟.

لە دوای کەوتنی سەدام، حکومەت بە ئاڵوگۆڕە، بە دەستوور و ھەڵبژاردنە. بە ھەموو عەیبەکانیەوە، دیارترین عەیبیشی ئاڵۆزی و خاووخلیچکی و فلتەرە پێچاوپێچەکانی پێکھاتنێتی. ھەموو جارێک بەگوێرەی تەوقیتی پێکھاتنی، رادەگەیەنرێت بەس ھەموو جارێک دەرەقەتی چوار ساڵ و لێکەوتەکانی نایەت.

تەجرەبەکان وا دەڵێن. ماوەی داھاتوو دۆسێی ئیقلیمی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دێنە سەر پلێت. حکومەتی عەبدولمەھدی چۆن سەودای پێدەکات و سەودای لەگەڵ دەکات؟.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
10/30/2018 1:42:32 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا