وتار
ململانێ و دەرەنجام
ستران عەبدووڵا
لە بنچینەدا دیموکراسی و ھەڵبژاردن بۆ ئەوە دێن دوو ئەرک جێبەجێ بکەن: نوێنەرایەتی ھەڵبژێردراوی ئیرادەی خەڵک و چارەسەری ئاڵۆزی سیاسی لەڕێی بە یاساییکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی ھەڵبژێردراوی دەنگدانی خەڵکەوە.

لە عیراق ئەوە مەعلومە ئەمجارە چی رەدوبەدەلێک لەسەر ئیرادەی نوێنەرایەتی کرا. عیراق لەنێوان ئەوانەی دەرچوون؛ واتا ھەڵبژاردنیان بردەوە و ئەوانەی (دەرچوون)؛ واتا لە خولی ئێستای پەرلەمان کۆتاییان ھات، دوو دیوی ململانێ قەوما کە پڕۆسەی دەرکەوتنی سازگاری نوێنەرایەتییان پەکخست. ھەر ئەم شوختی پڕۆسەی نوێنەرایەتییە، کارێکی کرد ئەرکی دووەمی دیموکراسیش ئاڵۆز بێت. ئەوەندەی فاکتەری تری وەک ھاوسەنگیی ھێز، رۆڵی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بارستایی ناوخۆیی وەک مەرجەعییەتە دینی و مەزھەبی و سیاسییەکان، خاوەن پشکی کاریگەر بوون، ئەوەندە فاکتەری نوێنەرایەتی پشکی نەبوو.

ئەمانە لە ھەڵبژاردنەکانی تریش ھەبوون، بەڵام بەھۆی شوخت تێکەوتنی قۆناغی یەکەمی نوێنەرایەتییەوە، ئەمجارە پێکھێنانی حکومەتەکە بەھۆی ھەژموونی فاکتەرەکانی ھاوسەنگی و ئیقلیمی و مەرجەعە سیاسی و دینییەکانەوە، خەریکە ھیچ بەھایەک بۆ دەنگدان و ھەڵبژاردنەکە نامێنێت.

ھیچ دیموکراسییەکتان بینیووە ئاوا ئاڵۆز و باڵۆز بێت؟. شتی کەینوبەینی سیاسی بەسەردا بسەپێنرێت و رەچاوی ھەموو توخمەکان بکرێت؟، ئایا ئەمە لە خەوشی پڕۆسەی (بنیاتنانەوە)ی وڵاتەکەیە، یان پێچەبەدەورە کردن و لاملەکردنی توخمەکانی دیفاکتۆیە کە وا دەکات دەرچووەکانی پڕۆسەکە وەک چوونە ناوەوەکان نەبێت؟

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
8/30/2018 10:27:57 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا