وتار
دڵۆپ دڵۆپ شەڕە ئاو
ستران عەبدووڵا
ھەفتەی رابردوو شەڕە ئاو بوو. شەڕە ئاو بە مانای قسە لەسەر قەزیەی ئاو بوو کە قەیرانێکی جیھانییە و لەوێشەوە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا تایبەتە و لە زۆنی چڕکراوەی دیمەنەکەشدا تایبەتی کوردستانە. شەڕە ئاوە بە مانای ئەوەی تا ئێستا میدیای ئێمە ئەو مەسەلەیەی بە جددی وەرنەگرتووە و وەک گەمەی ئاو و میھرەجانی ھاوینی تاقەت پڕوکێن سەیری دەکات.

شەڕی ئاو بوو لەسەر ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە کە لەسەر ھیچ رێکناکەون لەسەر نەیارێتی مەسەلەی کورد نەبێت. لە دۆسێی ئاویشدا وەک دۆسێی وشکانی و سەرزەمینی کوردستانی ناکۆکی و یەکێتی ھەڵوێستی خۆیان دەرخستەوە. شەڕ لەسەر دیجلە و فورات کە نیعمەتێکی خواییە و بەسەر خاکی کوردستاندا رژاوە، کەچی وەک نەوتەکە بۆتە لەعنەتێک کە بەسەر کوردستاندا باریوە.

لە نێوان نەفرەت و فەڕ دا، وڵاتی نێوان دوو زێ، عیراق، ئەویش بەم دەردە کوردستانییەوە گیرۆدە بووە. عیراق کە لەسەر ھەموو شتێکی کورد و کوردستانی باشوور قسەی ھەیە و قڕەی ھەیە لەگەڵمان، لەسەر ئەو پرسە ژیارییەی کوردستان و عیراق قسەی وەک نوزەی نەبووە و داکۆکی پێ ناکرێت.

دەرو دراوسێ بە قەترە رووی خۆیان لە ئێمە دەکەن و بە لافاو رووی خۆیان لێمان وەردەگێڕن. ھەرچی قسەی نەرم و نیانی فەرھەنگی دەوڵەتە شەرقییەکان ھەیە لەگەڵ ئەھلی دیجلە و فورات بەکاری دێنن وبە کردەوەش ھەر ئەوە دەکەن کە خۆیان گەرەکیانە.
کێشەی ئاو لە کوردستان و عیراق لە خودی ئاوەکە قوڵترە، چەندی چاوی لێ بکەین و دیقەتی بدەین لە ئۆقیانووسی خەم و خەفەت دا نقوم دەبێت و وشکانییەک نییە لێی بوەستێت، چونکە ئەوەی قسەی لێ دەکات لە سەکۆی میدیا و لە سەکۆی دیبلۆماسی ھەر بەقەدەر ئێمەی لێ دەزانن، کەچی مەلەی تێدا دەکەن و ئەھلی کیتابیش، ئەھلی دانش و عیلم، کەمترین قسەی لەسەر دەکەن، چونکە وەک چۆن ئێمە مەلەوانی لە زانست و ئاو نازانین، ئەوانیش خۆیان لە شەڕە ئاوی میدیا لادەدەن، نەبا تەڕبن.

ئاو لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و لە دنیا، لە ناو ئەو دووانەشدا لە دونیای کوردستاندا کە گیرۆدەیەکی خۆھەڵاتییە، دڵۆپ دڵۆپ دەستەمۆ و ماڵی دەبێ و ئاوەدانی دێنێت. حاڵی ئاو حاڵی سیاسەت و جوڵەی سیاسییە لە ناوچەکەدا، دڵۆپ دڵۆپ وشکانیی تەڕ دەکات و لە شێوەی بەرھەمھێنانی ئاساییدا خاوە و بەکاوەخۆ و خاو دەگۆڕێت.




ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/9/2018 9:04:18 AM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا