ناتەبایی، دەردی لە مێژینەی کورد

27/05/2021
742 جار خوێندراوەتەوە

برایم محێدین عارف

کێ کرا بە سەرۆک کۆماری کوردستانی سوور؟

پێشتریش کە کۆماری کوردستانی سوور دامەزرا، تورکێکی ئازەری کرا بە سەرۆکی کۆمارە کوردییەکە، ھەرچەندە بە مەبەست بوو، بەڵام کوردەکان جگە لەوەی کەسێکی ھەڵکەوتووی بێ کێشەی ناوخۆیان لەناو کوردەکانی قەفقازدا نەبوو کە ڕەزامەندیی ھەمووانی لەسەربێت، لە ھەمان کاتدا لەسەر کەسێکی شایستەش ڕێک نەدەکەوتن.
دروستکەرانی کۆمارەکەش ئەم ھەلەیان قۆستەوە تا ڕێژەی دانیشتووانی کوردی سنووری کۆمارەکە کەم بکەنەوە، (حاجیێفی بە ڕەگەز تورکیان کردە سەرۆک کۆمار) کە لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی کۆمارەکەدا، توانی ڕێژەی کوردی ژێر ڕکێفی کۆمارەکە لە ٩٧٪ دابەزێنێت بۆ ٩٣٪. کە پەیمانی سیڤەریش داڕێژرا لە سەرەتاوە شەریف پاشای خەندان وەک نوێنەری کورد لە فۆڕمەلەی زۆر لە بەندەکاندا ڕۆڵی ھەبوو تا بەندەکانی (٢٢،٢٣،٢٤) تایبەت بە کورد داڕێژرا.

شەریف پاشا و کەریمەی کچی بەرەو ئیتالیا
لە دواییدا زۆر لە نوێنەرە کوردەکانی کوردستانی باکور لە شارەکانی (ئورفە، وان، تەبلیس، دەرسیم، دیاربەکر ھتد) وتیان ئێمە شەریف پاشامان وەک نوێنەری ھەموو کورد قبوڵ نیە، نامانەوێت لە تورکیا جیابینەوە، ھەروەھا ناکۆکی کەوتە نێوان شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شەریف پاشا، شێخ عوبەیدوڵڵا داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دەکرد، لە کاتێکدا زەمینەی لەباری دروستبوونی دەوڵەتێک بۆ کورد ھاتبووە ئاراوە، سەرەنجام شەریف پاشا دەستبەرداری کاری دیپلۆماسی بوو، لەگەڵ کەریمەی کچی و زاواکەیدا چوو بۆ ئیتالیا لە ماڵی زاواکەی لە ئیتالیا دانیشت تا لە ساڵی ١٩٥١دا و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پێشتر وەسیەتی کردبوو کە مرد تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵە مێشەکەی بخەنە دەریاوە، چونکە خۆی بە کەسێکی بێ نیشتمانی سەربەخۆ دەزانی. ھەرچەندە گۆڕەکەی لە میسڕە، بەڵام شوێنەکەی بە ڕوونی دیار نییە.
میرنشینە کوردەکان ھەڵوێستیان یەکگرتوو نەبوو
پەیمانی سیڤەر-یش بۆ کورد بەو دەردەبرا کە تا ئێستاش بەردەوامە، لە درێژەی ناکۆکی بەریتانیا و عوسمانیشدا، ١٧ میرنشینی کورد لایەنگری عوسمانییەکان و ئەوانی تر زۆرتر لەگەڵ ئینگلیزەکاندا ڕێکبوون، میرنشینە کوردەکان ھەڵوێستێکی یەکگرتوویان نەبوو.
تا ئینگلیز و تورک ڕێککەوتن، ویلایەتی موسڵ لە تورکیا سەندرایەوە و لکێنرا بە عێراقەوە لە بەرامبەر داننەنانی ئینگلیز بە مافی کورددا لە پەیماننامەی لۆزاندا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی فەڕەنسا لایەنە ناکۆکەکانی کوردستانی ڕۆژئاوای بانگکرد بۆ فەڕەنسا بۆ یەکخستنی ھەڵوێستیان، بە تایبەتی ئەنەکەسە و ھەسەدە، پێشتریش ئەمریکا چەند ھەوڵێکی لەو جۆرەی دا تا کەمێک لە یەک نزیکبوونەوە، لە شەوی ١/٥/٢٠٢١ کەناڵێک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جەی گارنەر یەکەم حاکمی مەدەنی لە عیراقدا کرد، کۆی مەبەستی وتەکانی گارنەر لەسەر ناتەبایی کورد بوو لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە و وتی: یەکێتی و پارتی ناتوانن یەکگرتووبن، لە درێژی قسەکانیدا وتی: ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆچی ھەریەکە سەر بە حزبێکە ؟ وتی تا کورد ناتەبا بێت ھیچی پێناکرێت و ناتەبایی پشتگیری وڵاتان ناھێڵێت و کورد کە تەبا نەبووە زۆر شتی لە دەست داوە، لە ئاییندەشدا تەبا نەبن ھیچ بۆ کورد ناکرێت.
لە دوای چەندین ساڵ و ئەو ھەموو شکستەی کورد بینیویەتی لە ئەنجامی ناتەبایی، ھێشتا وانەی لە ناتەبایی وەرنەگرتووە، بگرە ئێستا وا ١٠٠ ساڵ زیاتر تێدەپەڕێت بەسەر پەیماننامەی (سایکس – پیکۆ)دا، کورد لە ھەموو کات زیاتر ناتەبایە، ئومێدی تەباییەکی قووڵ کە لە ناوەڕۆکدا ڕەنگبداتەوە لە نێوان حزبە سەرەکییەکانی کوردستاندا نییە، ئەوەی ھەیە شتێکی سادەی ڕووکەشی بێ ناوەڕۆکە، یەک ھەڵوێستی ڕوونی یەکگرتوو ھەست پێناکرێت، تەباییش نەک نییە، بگرە تاکی کوردیش وا گۆشکراوە کە ئەگەر لە نێوان سەرکردەکانی کورددا تەباییەکی ڕووکەشانەش ھەبێت، ئەوا لە خوارەوە ڕەنگ ناداتەوە، تەنانەت ھەموو حزبەکان لە پێناوی شارێکی ئازاردراوی وەک کەرکوکدا کە سەری زمان و بنی زمانیان ھەر کەرکوکە، نەیانتوانی لەسەر لیستێکی یەکگرتووی نوێنەرایەتی بۆ پەرلەمانی عیراق ڕێکبکەون، کەواتە دوای ١٠٠ ساڵ ئەزموون گلەیی چی بکەین کە ئێستاش ڕیسەکە ھەمان خورییەکەی جارانە؟