وتار
عەبادی و مالکی، سێبەری ھەڵبژاردن لە کوردستان تا بەغدا
ستران عەبدووڵا
رۆژنامەی مەدا، راپۆرتێکی نووسیوە لەسەر ئەگەر و نەگەری دواخستنی ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق.
راپۆرتەکە لەسەر ئەوەیە عەبادی؛ حەزی لێیە لەکاتی خۆیدا بکرێت، مالکی-ش بەمەرجی سازکردنی حکومەتێکی نوێ لەگەڵ دواخستنێتی.
(نوێ) لە روانگەی مالکی-یەوە، یانی دووبارەکردنەوەی خۆکاندیدکردنەوە بەو ئیعتبارەی دووجار لەسەریەکی پێشووی دەستنوێژی ناشکێ، چونکە چەند ساڵێکی حکومەتایەتی عەبادی تێکەوتووە. ئەمە لە کوردەواری خۆماندا شتێکی پێدەڵێن کە ناوھێنانی بۆ رۆژنامەی سیاسی دەست نادات.
بەودیو حەمرینیشدا، تای ململانێی ھەڵبژاردنی عیراق، کوردستانیشی گرتۆتەوە، بەدوو مانا:
-کوردستان بەشداریی چۆن دەبێت لە ھەڵبژاردنی عیراقدا؟، کە خۆی ئەم جارە جووت ھەڵبژاردنە، ھی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ھی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش.
– ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان کەی دەکرێت؟ لەوادەی خۆیدا وەک سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی نامەی بۆ پەرلەمان نووسیووە بەھاری داھاتوو بکرێت؟ یان بەھۆی گوشاری ئۆپۆزسیۆن، لەناو شەقامدا، تەنانەت رەنگە پێشیش بخرێت؟. یاخود بەھارو سەیران دڵی ھەمووان نەرم دەکات‌و دیسانەوە وادەکەی دەکەوێتە پێنج قۆڵی سازانەوە؟ لەوانەشە سێبەری عیراقی مەرکەزی لەم بێ پارەییەی کوردستان‌و لەم مەیلەی ئۆپۆزسیۆندا کە باوەڕی بە حکومەتی ئێستای ھەرێم نییە، وا چڕبێتەوە کە بەغدا بڵێ دووەکەی بەغداو ئەوەی ھەرێم بە یەک خەرجی ‌و بەناونیشانی یەک عیراقی دیموکراتەوە، یەک دەخەم؟
ئۆپۆزسیۆنی بێئومێد لە سیاسەتی دوو حزبی حوکمڕانی سەرەکی رەنگە ئەم بژاردەیەی پێ خۆش بێت. لەم حاڵەدا ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرتاسەری عیراق بە مانای یەکخستنەوەیەکی تری عیراق دێت.
ئەوەش کە ئێستا ناوی مالکی جارێکی تر کەوتۆتەوە ناوان ‌و تەسویقی میدیایی بۆ دەکرێت، نیشانەیەکی دیاری تای ھەڵبژاردنەکانی عیراقە کە لە کوردستانیش لێکەوتەکانی دەرکەوتوون. ئەکرادە تازەکانی مالکی رەنگە لە داخی عەبادی بچنە ھاوپەیمانی لەگەڵ مالکی. ئەکرادە کۆنەکانیش، بە وەسفی میدیای برایانی پارتی، لەگەڵ عەبادی لە شەڕ و لە دەعوان، چونکە ھیچ قسەیەکی لەگەڵ کورد نەبردۆتە سەر، نە لە بودجەو مووچەو نە لەسەر دۆخی کەرکوک. لەبەر ئەوەشە رەنگە عەبادی قورسایی بخاتەسەر قوڵایی شیعە‌و پشتیوانیی ئەمریکاو رۆژئاوا. شەڕی داعش و شەڕی دژی کوردستانیش بکاتە دەسکەلا تا ھەڵبژاردن بباتەوە. ئەم دوو کارتە بەدەست عەبادی-یەوە مەحکومە بە فاکتەری کاتەوە. تا ھەڵبژاردن زووتر بکرێت تای سەرکەوتنەکانی عەبادی گەرمترە بۆ بردنەوەی. تا دوابخرێت سەرکەوتنەکانی کاڵ دەبێتەوەو کەموکوڕییەکان‌و پێشێلکارییەکانی لە دژی سوننەو خورماتوو لێی دەبێتە مڵۆزم ‌و سەری بردنەوەی دەخوات. رکابەرەکانی ھەر لە مالکی تا حەشدی شەعبیـی‌و عەلاوی ‌و سەرکردەکانی سوننە دۆسێی پڕتری بۆ ئامادە دەکەن.
لە ھەموو حاڵێکدا دۆسێی ناو ماڵی شیعەو راڕەوەکانی سیاسەت لە بەغدا یەکلاکەرەوە دەبن لە ململانێی ھەڵبژاردندا. بەداخەوە فاکتەری کوردی تا خوا (مام جەلال)ێک، یان پەیڕەوێکی مام، بە کورد دەداتەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا کاریگەر نییە. بەپێچەوانەوە ھی سیاسەتی بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر کوردستان، تەنانەت لە دۆسێی ھەڵبژاردنی ھەرێمیشدا.
وتلک الایام تداولھا بین الناس

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
12/26/2017 9:39:19 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا