کورد خوێنی بۆ دیموکراسییەکەی کەرکوک داوە

28/07/2023
556 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵلا

لە وێستگەی ٢٨ ی تەمووزی ٢٠٠٨یشدا  ھەروا خوێنی داوەو بەکردار و ھیممەت و گیانبازی  ئەم ویستە ئازادیخوازەی بۆ خۆشەویستی بێ مەسڵەحەت و بێ ئەندازەی کەرکوکی دووپات کردۆتەوە.

ئەم وێستگەیە بۆیە دەنگی دایەوە و رەنگی ھەیە چونکە بەھۆی میدیای گەشەکردووی جیھان  و بە بەرچاوی ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتییەوە،  یانی وەکو فلکلۆری کوردی دەیڵێ ( عالەم پێی زانی )، کۆشش و ئیرادە خۆی نمایان کرد . دەنا دەیان ساڵ بوو خوێن و خەبات ناونیشانی چیرۆکی کوردو کەرکوک بوو و گش لێی بێ خەبەر بوو .

مورافەعەکەی مام لە گۆڕەپانی مەجلسی حوکم کە خوێنی مەرەکەب و قەڵەم و نەبەردی خەریتە و بەڵگە و زمانی مێژووبوو، رێگایەکی ئاوەدانی بۆ تێکۆشانی مەدەنی و دیموکراسیی و سیاسەت و پێ سەلماندن و پێک سەلماندن کردەوە.لەقوڵایی رۆژگارانیشدا مورافەعەی خوێن و  خەم وپەژارە لە مێژە ھەبوو ، لە شەھیدانی کرێکارانی گاورباغی ، لە شەھادەتی شەھید مارف بەرزنجی لەبەردەم ستەمی داگیرکەر و پیلانگێڕی کۆمپانیاکانی نەوت  و ئوێنی تەورانی و دڕندەیی حەرەس قەومی تا  وێستگەی شەھید مامە ریشە و ھاورێ شەھیدەکانی لە نەبەردی حەمک ، بۆ زەماوەندی یانزە سوارەکەی قازان بە پێشڕەوی کاک ئەنوەر ، بۆ وێستگەی بڵێسەی گۆڕستان و جووت قاوە لە خۆپیشاندانی سالی ١٩٨٢ .بۆ  شەھادەتی سەرکردەکان عەلی عەسکەری و سیروان تاڵەبانی و حەمە غەفور ئاغجەلەری و ئینجا ئازاد ھەورامی تا قەڵغانی خوێنینی راپەڕین لە جێپەنجەی  شەھیدی سەرکردە عەبدولرەزاق و  بۆ ھەڵمەتی شەھید حاجی ھەڵمەت. ئەمانە ناونیشانن بۆ پشوودرێژی کورد و کۆڵنەدانی لە داستانی کەرکوکدا.

لە گۆڕەپانی ٢٨ی تەمووزدا کورد رێگا بوژاوە راستەکەی ھەڵبژارد ، رێگای نوێی ئاشتی و دەربڕین و بانگەوازی لافیتە و دروشمی مەدەنی بۆ داکۆکی لە ھەقی دیموکراسیی و لە بنەمای دەستوور و لە نەخشەرێی ١٤٠ و لە پێویستی سپاردنی ئەرکی سیاسیی بە ھەڵبژاردنێکی  بێگەردی بێ قاچووقوچ . ئەوانی تر رێگای فەرھەنگی خۆسەپاندن و ناعەدالەتی و نا دادییان ھەڵبژارد کاریان راست نەبێ.

کورد لەم ھەڵوێستانەدا بۆیە تا ئێستا کۆڵی نەداوە و ئیرادەی کول نابێ و ژەنگ ھەڵناھێنێ چونکە لەسەر ھەقە ، کورد بۆیە ئیرادەی ھەیە و سەردەکەوێ چونکە ویستە ئازادیخوازەکەی لەگەڵ دیموکراسیی و راستی مێژوو و مافداریدا یەک دەگرێتەوە.

تەنانەت لە سەردەمی ھەڵبژاردن و دیموکراسیشدا کە بە حیساب دەبێ سەردەمی پەنجەمۆر و دەنگدان و دەنگکردن بێت وا دەبینین خوێن دەدا ئەگەر ململانێ رەوا و دادپەروەرەکە  ئیجابی کرد. ئەگەر بۆ بەرەنگگاری داعش و فەراغی ئەمنیش بێت دیسان ئاڵای بڵندکراوی شەھیدان لیوا شێرکۆ و  لیوا حسێن مەنسووری ھەس . کورد لە ھاواری کپکراوی مێژووەوە خاوەندارێتی لەم دۆسێیە دەکا و لەسەری دێتە جواب، لێ نەیار ھێزی دەوڵەت و عەسکەر و تەعریبی کۆن و نوێ  و کەینوبەینی کۆمپانیاکانی نەوت دەخاتەگەڕ و ھەر رۆژەو بە لەونێ خۆی دەنوێنێ. فەقەت کورد دەیناسێتەوە و لەناو ھەزار داو و تەپکەدا بە موکێشی راستی دەریدێنێ و پێی ئێژێ ،پێیان بڵێ : لێرە نارۆم. ئیشم ماوە و ئەرکم ھەیە.

ئەم رۆژە رۆژێکە لە دەیان رۆژی بەرەنگاری ، رۆژی تریش ماون. لەکۆتایی ٢٠٢٣ یش جەولەیەکی ترمان ھەیە.       
وھێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی بکات.