وتار
کورد و عیراق لە مەنگەنەی ھەڵبژاردندا
ستران عەبدووڵا
ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق لەناو داروپەردووی بەشەڕداھاتنی پێکھاتەکان و بەریەککەوتنی قوڵی نێوانیان پێکدێت. لە دۆخێکدا دەکرێت کە خەریکە شیعە بادەی سەرکەوتنی خۆی دەنۆشێ بەوەی بەسەر سوننە و کورد دا سەرکەوتووە، لەبەرئەوە دەکرێ بڵێین ئەم ھەڵبژاردنەی بڕیارە مایسی داھاتووی ساڵی ٢٠١٨ بەرپابکرێت، بە ھەق ھەڵبژاردنێکی شیعەییانەیە و بە دیزاینێکی ئێرانیانە دەکرێ. 
دیزاینی ئێرانیانە ھەر ئەوە نییە ئێران یارمەتی سەرکەوتنی شیعەی داوە بەسەر کورد و سوننە و ئەمریکاش بەجۆرێک دەتوانین بڵێین ماوەی "٢٠٠٣ - ٢٠١٦" ماوەی ئەمریکایی عیراقی دیموکراتییە دوای سەدام و لە ٢٠١٨ شەوە مادەی ئێرانی عیراقی دیموکراتی دوای سەدام دەست پێدەکات، بەڵکو بە مانای ئەوەش کە دیزاینی ئێرانیانەی ھەڵبژاردن بەو شێوەیە لە ناو یەک بازنەی دیاریکراودا کارەکتەرەکان لەناو خۆیاندا جێگۆڕکێیەکی سنووردار دەکەن، بەڵام بونیادی سیستەمەکە وەکو خۆیەتی.
ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق بۆ شیعەی دەعوە ئاسا، یانی شیعەی ئیسلامی مسۆگەرە و پەراوێزی گۆڕانکاریی ھەر ئەوەیە چەند کارەکتەرێک دەبنە بژاردەی ناچاری و دەبێ دەنگدەری شیعە ئیجتیھاد لە ھەڵبژاردنیاندا بکەن.
ئەم سیناریۆیە رەنگە پێویستی بە چاپێکی تری سوننە و چاپێکی تری کورد ھەبێت، کە تەوەرە بەندی شیعە و رەھایی دەسەلاتیانی قبوڵ بێت، نەک تەنھا بە مانای زۆرینەی دانیشتوان و زۆرینەی دەنگدەری عیراقی، بەڵکو بە مانای ئەوەی بەشەکەی کورد و سوننەش بە فلتەری مەرجەعیەتی ئەواندا بڕوات. 
لە ھەڵبژاردنی "٢٠١٤"ەوە سوننەی کێوماڵکراو بەرەو سوننەی ماڵیکراو پەیدابووە، ئەم ھەڵبژاردنەی ٢٠١٨ بەشێکی بۆ دروستکردنی کوردی کێوماڵکراوە، کە ئیتر بەماڵیکردنی خۆی رازی بێت، شیعە حەزی لێیە کێوماڵی سەربازی دوای ریفراندۆم و پەڕوباڵکردنی کوردستان و کەرکوکەکەی بقۆزێتەوە تا لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا کوردی ماڵیکراو بکاتە ناونیشانی بەشی کورد لە دیموکراسی دوای مایسی ٢٠١٨دا، جا کوردی لاواز کە ناتوانێ یەکبگرێ و وەکو جاران لەو دیو حەمرین درزی ناکۆکیەکانی سواغ بدات، لەم ھەڵبژاردنەدا دەکەوێتە دواوە و پیشبڕکێ لەسەر رازیکردنی پرۆسەی سیاسی بە سپۆنسەری شیعە دەخەمڵێ و لەناو کوردیشدا پێشبڕکێی ھەرزان دەست پێدەکات.
لە بنچینەدا دیموکراسی ماوەکی و خولی ھەڵبژاردنی خولەکی بۆ ئەوەیە ھەم دیموکراسی ھەبێ و ھەمیش ئەگەر چارەسەری کێشەکان و پڕۆسەی سیاسی گەیشتە بنەبەست، وێستگەی ھەڵبژاردن ببێتە وێستگەی بۆنەی جووڵەپێکردنی مت بوون ‌و مەیینی دۆخەکە، سا بەڵکو نەخشەی ھێزەکان و ریزبەندیی لایەنەکان بجوڵێن و گۆڕانیان تێدا بقەومێت، بەڵام لەدیموکراسیی عیراقیدا، چونکە قۆناغی ململانێی پێکھاتەکان تێنەپەڕیوە، ھیچ وێستگەیەکی ھەڵبژاردن نەیتوانیوە شتێک لە ریزبەندی ھێزەکان و ناونیشانیان بگۆڕێت.
بەڵکو ھەر ئەندامێکی بازنەی ھێزەکان وەک تەلەبەی تەمەڵ لەشەوی ئیمتیحاندا بۆی دەردەکەوێت سەعی نەکردووە ‌و ھەموو جارێک چەند دەرسێک بەخولێکی تری ئیمتحان دەسپێرێ.
کێشەی دوێنێ دەدات بە دەم ھی ئەمڕۆ و ھی ھەردووکیان بە دوو سبەی دەسپێرێت.
سەرەنجام دەریچەی ھەڵبژاردن و وێستگەی سەندنەوەی متمانە و پێدان و پێدانەوەی متمانە لەجیاتی خوێن بە بەراکردنی قوڵپدەر و نوێ لەدەمار و لاشەی سیاسەتدا دەبینین پەستانی خوێن دەقەومێ و کێشەکان کەڵەکە دەبن، بگرە لەبەر وەک خۆی مانەوەی کێشەی پێکھاتەکان و جەمسەرگیریی مەزھەبی و نەتەوەیی، دەبینین ئەو کێشانە بۆ ھەر پێکھاتەیەک دەبێت بە ماددەی ھەڵبژاردن و بردنەوە ‌و دۆڕانی ئەم ھێز و ئەو ھێزی تر، سەرئەنجام وەک خۆی مانەوە و ھەوکردنی کێشەکان و گەورەبوونیان.
جا لەو ئاستەدا شیعە خوازیارە ھەژموون و دیزاینی ئەمجارەیان پڕۆسەی سیاسی وا لێبکات پێکھاتەی کورد و سوننە ماڵی ببن و نەتوانن بێ چارەسەر مانەوەی کێشەکانی خۆیان بۆ دەنگ کۆکردنەوەی زیاتر بەکاربھێنن، بەڵام خۆیان (سەرکەوتن)یان بەسەر کورد و سوننە بۆ قازانجی پێکھاتەی خۆیان و رێژەی خۆیان لەناو ئەو پێکھاتەیە بەکاربھێنن. 
لێرەوەیە چەرخی ئیرانی و ئاوابوونی خۆری دیموکراسی ئەمریکایی لە عیراق دەستپێدەکات. پێیان دەکرێت؟
ھێشتا زووە قسەی کۆتایی بکرێت، یان بەلایەنی کەمەوە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەیەکجاری ئەدگاری چەرخی ئێرانی بچەسپێنێت. بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە گرەو لەسەر عەبادی بووەتە پەنجەرەی ئەمریکا کە ھەندێک ھەژموونی خۆی دەمەزەرد بکاتەوە.
عەبادیش چەندێ بەشی ئەمریکای پێوەیە ئەوەندەش ئێران خاوەندارێتی لێ دەکات. ئێران لە کارەکتەرەکانی تریشدا شەریکە و ھەر کامێکیان پتەو بێت ئێران بەشی خۆی لێ دەوێت. ئەمە بۆ ئەمریکا وانییە ئەگەر عەبادی براوەی یەکەم نەبێت.
ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ وەکو جاران شتێکی کەم دەگۆڕێت لە تەرازووی ھێزەکان، چونکە پێکھاتەکانی بە رەسەنێتی خۆیانەوە بن یان بە فیلتەری شیعەدا بڕۆن ھەر بە نەتیجە دەنگ بەپێکھاتەی خۆیان دەدەن، بۆ کوردیش ھەروا دەبێ، بەمانا دەنگدەری کورد دەنگی خۆی دەدات، بەس دیار نییە نوێنەری کورد دەتوانێ سەنگی خۆی دەربخات یان نا؟

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
12/14/2017 3:37:56 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا