وتار
خوماری دوای داعش!
ستران عەبدووڵا
سەرۆک وەزیرانی عیراق-ی (فیدراڵ) بەشێوەیەکی مەرکەزی سەرکەوتنی وڵاتی بەسەر داعشدا راگەیاند، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە (١٧/١٠/٢٠١٦) دەستیپێکردو رۆژی (٢٩/٦/٢٠١٧) کۆتاییھات. لەیەکەم رۆژەوە خەڵک و خوای ئەم وڵاتە جووت زەردێنەیە، (کوردستان‌و باقی عیراقی عەرەبی)، داوایان کرد لەپاڵ نەخشەی سەربازی، عەبادی نەخشەیەکی سیاسیش دابنێ بۆ مامەڵە لەگەڵ موسڵی دوای داعش کە ناونیشانیشە بۆ عیراقی دوای داعش کە تەنگەنەفەسی کەوتە نەخشە سەربازییەکەوەو ئۆپەراسیۆنی رزگاری لەچەند وێستگەیەک خاوەخاوی بەخۆیەوە دیت، ھەموو داخوازیکارانی نەخشەی سیاسی بۆ چارەسەر وتیان؛ جارێ وەختی ئەم وەرزشە فیکرییە نییە، کابرا خەریکی شەڕە باسەرکەوێ و داعش لەڕووی سەربازییەوە تێکبشکێ پاشان گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە سیاسییەش دێتە گۆڕێ. بێ ئاگا لەوەی لەبنچینەدا ئۆپەراسیۆنەکە بۆیە زۆری خایاند، چونکە لەپاڵ گۆشەنیگایەکی سەربازی، گۆشەنیگایەکی سیاسی نەبوو کەداخۆ دواڕۆژی موسڵ چۆن دەبێت؟
ئەگەر گۆشەنیگای سیاسی ھەبووایە، لەوانەیە شەبەنگی دانیشتووانی موسڵ بە ناوەندی شارەکەو قەزاو ناحیەکانی. بە ویلایەتی دەڤەری سوننەنشینیش، ھەریەکە دەیزانی دەوری چییە لەشەڕو بەشی چییە لە سەرکەوتن و لەدەستکەوتەکانی موسڵی بێ داعشدا. ئەمما کە کەس نەیزانی چی لێ داواکراوەو چی دەدەنێ؟ پەرۆشی بۆ نەبەردیی رزگاری خاوتر دەبێ و دڵەڕاوکێ، لەئایندە، جێی دڵنیایی دەگرێتەوە.
 ئەمە بێگومان تەیفی کوردستانیش دەگرێتەوە کە لەسەرەتاوە داوایکرد رێکەوتنی سیاسی لەسەر چارەنووسی شارەکە بکرێت، ئینجا پێشمەرگە دێتە نەبەردییەکەوە، بەڵام چەند ساڵێکە، لەغیابی سەرۆک تاڵەبانی، داواکانی کوردستان لەبەغدا گوێلێگیراو نییە، عەبادی حکومەتی پێکھێناو لەسەر ناوی وەزیرەکانی کوردستانیش خۆی پەکنەخست، ئیتر تێگەیشت وەکو دەساڵی دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقی فیدراڵ نییە، کە بێ کورد ھیچ سەرناگرێ، بەڵکو وەکو ھەشتا ساڵەی عیراقی پادشایی و جمھورییە کە ئیشی لەسەر کوردی بەلەنگاز پەکی نەدەکەوت. عەبادی شەڕەکەی بێ تەگبیری سیاسیی کورد کردو کەس لەگوڵ کاڵتریشی پێ نەگوت. 
شەڕ تەواو، دەکرا کای کۆنی موسڵی سایەی داعش تێکەڵ بە شنەبای رزگاری نەکرێت، بەڵام چونکە مەترسییەکان ھەر ماون، وەبیرھێنانەوەی پێویستی نەخشەی سیاسیی ھەر (ئەھمیەتا خۆ) ھەیە، وەکو برایانی باکوور دەیڵێن نھا بەغدا لەخۆشی و ئاھەنگی سەرکەوتندا دەرفەتی نییە گوێ لەڕەخنە بگرێت، بەڵام خۆ ئێمە نا، بەڵکو عەرەبی لەزمانی ئێمەو ئیمروئلقەیس وتویەتی (الیوم خمر وغدا امر). پێکی شادومانی لە بەغدایەکی ژێر سایەی کەڵچەری ئیسلامی سیاسیدا زۆر ناخایەنێ کە داوای ئەمری سبەی دەکات. داخۆ نەخشە سیاسی‌و فکرییەکە چییە؟ یەکەمیان ئەوەیە کە داعش نەما ئایا بەغدایەک لەتەوقیتی شەڕی رزگاریی موسڵدا کەسابەتی مەی و مەیفرۆشی قەدەغە کرد، دەتوانێ چارەسەری ریشەیی بۆ فەرھەنگی داعش بدۆزێتەوە؟.
ئەمری سبەی زۆر دژوارە، بەڕادەیەک خوماری پێکی سەرکەوتن بەتاڵ دەکاتەوە، حەویجە کەتنێکە بۆ پاژنەی ئەخیلی کەرکوک ھەڵگیراوە. ئیستحقاقاتی کوردستانیش لەگەڵ بەغدا ئەو شتەیە کە عەبادی بە ئۆپەراسیۆنی شەڕ خۆی لێ نەبان کرد، بزانین جەنەڕاڵی شەڕ دەتوانێ جەنەراڵی ئاشتیش بێت و نەخشەڕێیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کوردستان بە ھەرێم‌و کەرکوکەکەیەوە، بۆ عیراق، بە شیعەی براوەی ئۆپەراسیۆن و سوننەی دۆڕاوی رەمزیی لەناونیشانی داعشدا، بدۆزێتەوە؟
زەحمەتە بەس، ئەستەمی یەکجارەکیش نییە.
زەحمەتە ئەگەر ئەندێشەی سیاسیی عیراق ھەروا تاکڕەھەندە سەیری دۆخی وڵات بکات، ئەستەمیش نییە ئەگەر پێداچونەوە بەتۆماری ھەڵەی سیاسی چەند ساڵی رابردوودا بکرێت تا بزانرێت داعش دەرەنجامە، پێش ئەوەی دەرکەوتە بێت. ئەنجامە پێش ئەوەی ھۆکاربێت.
ئەگەر بەغدای دوای موسڵی رزگار بەڕێی ئەستەمدا رۆیشت، ئەوا دەبێت بێژن: تا داعشێکی تر بە خواتان دەسپێرین، خواتان لەگەڵ!
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
7/3/2017 7:18:01 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا
ستران عەبدووڵا