وتار
(١٢/٧) ڕۆژی جیھانی فڕۆکەوانی شارستانی یە
دانــــــــا مـحـمـد سـعـیـد
فڕین و فڕۆکەوانی لەسەرەتایی درووستبوونیانەوە بەکارھێنانیان بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵێکی دیار و گرنگیان بینیوە لە ئاسانکاری کاری ڕۆژانە و ژیانی مرۆڤ و پێشکەوتنی کۆمەڵگادا بە تایبەت فڕۆکەوانی شارستانی (الگیران المدنی) کە پەیوەستە بە بواری خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی .

دوایی کۆتایی ھێنانی جەنگە یەک لەدوایی یەکەکانی جیھان و دەرکەوتنی ئاسەواری جەنگ لەسەر ژینگەی مرۆڤایەتی وایی لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ سەر لەنوێ ڕێکخستن و دیزاین کردنەوەی ئامرازەکانی بواری فڕۆکەوانی و فڕین , تا کار گەیشتە ئەوەی لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا و لە ئاکامی ھەوڵ و کارکردنی ئەمریکا بۆ بانگھێشتکردنی (٥٥) ووڵات لە ووڵاتانی ھاوپەیمان و بێلایەن بۆ کۆبونەوە لەشاری شیکاغۆی ئەمریکا لەسەرەتایی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٤دا ,دوایی بەدەنگەوە ھاتنی (٥٢) ووڵات لە ووڵاتانی بانگھێشت کراو و ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوەی گرنگ و پەیوەست بە کێشەکانی فڕینی شارستانی لە (٧ دیسمبری ساڵی ١٩٤٤) دا لەلایەن سەرجەم ووڵاتانی بەشداربوو واژۆ لەسەر ڕێکەوتنامەی (فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی) کرا و ئیدی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیھانی فڕۆکەوانی شارستانی دیاری کرا و ساڵانەش لەم یادەدا چەندین ڕاسپاردە و بڕیاری گرنگ دەدرێت. 

وە ئەوەی جێگەی تێڕوانینە ھەرچەندە عێراقیش یەکێکە لە ووڵاتانی بەشداربوو لەم ڕێکەوتننامەیە و لە گرنگترین بەند و بڕیارەکانی ڕێکەوتنامەکەدا ھاتووە کە نابێت فڕۆکەخانە شارستانی یەکان کە بۆ خزمەتگوزاری گشتی بەکاردێن بخرێنە ناو کایەی ململانیە سیاسیەکانەوە و( ڕێگەدان بە فڕین و نیشتنەوە) یان لێ بگیرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق لەژێر چەتری یەک دەسەڵاتی فڕۆکەوانیدان کە ئەویش (دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی)یە لێرەدا پێویستە تیشکێک بخرێتە سەر بێباکی و کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی لە بارەی بڕیاری نابەجێ ی ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە کە ھیچ گوشار و ھەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر حکومەتی تورکیا کە دەکرێت لە بەرامبەردا گەشتەکانی ئەو ووڵاتەیان بۆ یەکێک لە فڕۆکەخانەکان ڕاگرتایە تا ببێتە گوشارێکی بەھێز بۆ لابردنی ئەو گەمارۆ ئاسمانییەی کە تورکیا خستویەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە بەداخەوە زەرەرمەندی سەرەکی ھاوڵاتیانن کە ئاستەنگ و ناڕەحەتی زۆر بۆئەنجامدانی گەشتەکانیان دروست دەبێت .

لەمڕۆدا کە لە سەرتاسەری جیھان ئەم بۆنەیە پیرۆز ڕادەگیرێت بەڵام ئێمە لە ھیوای لابردنی ئەم گەمارۆ و لەمپەرەداین کە حکوومەتی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکەمانی دروست کردووە.


ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
12/7/2018 5:57:24 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
دانــــــــا مـحـمـد سـعـیـد