وتار
بەھای خەباتی پارتەکان و یەکێتی لە بەردەم دیدە جیاوازەکاندا
ئەحمەد سەید عومەر
لە مەنزومەی فیکریی فەلسەفەی (ھێگڵ) چەمکێکمان ھەیە بە ناوی "retroactive" واتا نیگای پاشاوپاش لە ڕووداوە مێژووییەکان، یاخود ڕوو لەدواوەبوون بۆ کاریگەرییە مێژووییەکان. 
مەبەست لەم کۆنسێپت و مەفھوومە ئەوەیە، ھەموو ڕووداوە مێژووییەکان بڕێک خەروار و زیادەی نەبینراو ھەن کە شایستەی دووبارە چاوپێخشاندنەوەن. 
بە مانایەکی تر: مێژوو ھەرگیز وەک و خۆی ناگات تا لەبارەیانەوە بە ڕەھاییەوە لێی بدوێین؛ بەڵکو ھەمیشە درزێک و کەلێنێک ھەر دەمێنێت تا دووبارە خوێندنەوەی تری جیاجیای بۆ بکەین. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بزاوتێکی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە مێژوودا، گەورەترین ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشان لە بەردەم پرسی کۆمەڵانی خەڵکی کورسستاندا. 
ھەروەھا بە بەراورد لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان کە تووشی نسکۆ و بێ ھیوابوون بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمن، یەکێتی سەرباری ھەموو ئاستەنگەکان ئەم بەرپرسیاریەتییەی درێژە پێدەدات تاوەک و پرسی کورد دەگەیێنێتە مۆدێلێکی حوکمڕانکردن، ئەویش ھاوشان لەگەڵ پارتەکانی تر کە لەسەر خوانی یەکێتی، مۆدێلی ئۆتۆنۆمی و دواتریش دوای پرۆسەی ئازادی عێراق   ھەرێمی کوردستان دەھێنێتە ئاراوە. 
دەتوانین دوای ھەموو ئەم ئەزموونانە، بونیادی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان وەک یەکەمین ئەزموونی کایەی سیاسی ھەژمار بکەین، ئەگەر چی پێش ٢٠٠٣ یش ئەم ئەزموونە ھەبوو، بەڵام دوای ٢٠٠٣ تۆکمەتر و جۆریک سیمای بیرۆکراسیانەی زیاتر پێوە نمایندە دەبێت. ئێستاش بانگەشەی ئەمجارەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ھەر کاندیدەو لەسەر ھەژماری موزایەدەی سیاسیی پارتێکی تر بانگەشەی دوونیایەکی یۆتۆپیا دەکەن بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان. 
چەمکی ڕیترۆ ئەکتیڤی ھێگڵ ڕەنگە کۆمەکمان بکات کە ھەندێک لەو تەخوینکردنانەی کە ڕووبەڕووی یەکێتی دەکەنەوە بۆ پروپاگەندەی ھەڵبژاردن. 
ئەوەی مەبەستمە  دەمەوی بیڵێم: یەکێتی ھەموو ئەم ئەگەرانەی تێدا بوو کە ئێستا  لە فەزایەکی جۆرێک دیموکراسیانە ھەر حزبە و کارنامە و پرۆژەی تازای بەرز دەکاتەوەو  بانگەشەی ھەڵبژاردنی خۆی پێدەکات. مەبەستم لەو پڕۆژانە ھەر زوو لە ستراکچەری یەکێتیدا ھەبووە. سەیر نییە ئەگەر بڵێین زۆربەی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ھەرێمی کوردستان منداڵە نازدارۆکەی یەکێتین، بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەناوێ کێیەوە دەرچوو؟ نەوەی نوێ درێژکراوەی چ حزبێک بوو؟ قەوارەکەی د. بەرھەم و ...ھتد واتا یەکێتی ھەر زوو ئەم پارادۆکسانەی تێدا بوو بۆ ئەوەی فەزای سیاسی جۆرێک سیمای دیموکراسیانەی بەخۆیە بچمگیر بێت. ئێستاش ناشێت ئەوانەی لە منداڵدانی یەکێتییەوە دەرچوون، پڕۆژەکانی یەکێتی، بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن وەک موزایدە پێ بفرۆشنەوە. بۆ یەکێتی سەربەرزییە کە ئەم ھەموو پارتە جیاجیانە ھاتوونەتە ئاراوە، چونکی ئەگەر کایەی سیاسی ململانێ و ئۆپۆزسیۆنی تێدا نەبێت، ھەڵبژاردن و کایەی دیموکراسی بە شێوەیەکی درووست نەدەچووە پێشەوە. 
ناکرێ تو حاڵەتێک، یاخوود ڕووداوێک لە مێژووی ھەر حزبێک کۆتەیشن بکەیت و بونیادی پارتێکی وەک یەکێتی پێ تۆمەتبار بکەیت و بیکەیە بانگەشەی سیاسی، دروستوایە لە سیاقی جیاجیا خوێندنەوەی بۆ بکەیت ھەر حاڵەت و ھۆکاری خۆی ھەیە، یا خود بە زمانە لۆژیکییەکەی، ناشێت وەک بەشێک تێکڕای یەکێتی وە گشتێک بخوێنیتەوە. 
ئومێد دەکەم ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کەسایەتی قوباد تاڵەبانی بە ھەندەوە وەربگرن، دڵنیام ئەو ریفۆرم و چاکسازیانەی لە ھەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەبوا جارەسەر بکرێت، ئەوا قوباد تاڵەبانی بەشێوەیەکی  "ڕیترۆئەکتیڤیانە" ئەو ئیمکانیەتەی تێدایە کە تەقەڵ ڕێژی برینەکانی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش یەکێتی بکات. بۆیە دەڵێم دەنگ بە لیستەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن کە تاکە قوربانیی پرسی کوردە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/21/2018 3:19:53 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...