تائێستا خاڵە سنورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد ھەڵنەگیراون

تائێستا خاڵە سنورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد ھەڵنەگیراون

تا ئێستا بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵگرتنی خاڵە سنورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد جێبەجێ نەکراوەو بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێمیش دەڵێت، سەرجەم کارەکانیان تەواوکردووەو چاوەڕێی بڕیاری بەغدادن.

ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ گۆڕانکارییەک روینەداوەو خاڵە گومرگییەکان ماون و کاری خۆیان دەکەن، وتیشی، تاریفەی گومرگییان یەکخستۆتەوەو ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبیشی لەسەرە و چاپکراوە، لەئێستاشدا رەوانەی بەغدادیان کردووە و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراقن.

بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر رێکەوتنیان کردووە لەبارەی ھەڵگرتنی ئەو خاڵە سنورییانەو ئەنجومەنی نوێنەرانیش بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە سنورییەکانی دەرکردووە، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە نییە بڕیارەکە جێبەجێ بکات.