ئەندازیار تەیب جەبار لەسەر پشکی یەکێتی دەبێتە پارێزگاری کەرکوک

ئەندازیار تەیب جەبار لەسەر پشکی یەکێتی دەبێتە پارێزگاری کەرکوک

دوای رێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسەکانی ھەرێم و کەرکوک، ئەندازیار تەیب جەبار لەسەر پشکی یەکێتی، دەبێتە کاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و ھەنگاوەکانی ئاسایی کردنەوەی رەوشی ئەو پارێزگایەش دەست پێدەکات.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسلێمانی کۆبوونەوە و  لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەسەر پشکی یەکێتی و وەک کاندیدی لیستی برایەتی رێککەوتن کە ئەویش ئەندازیار تەیب جەبارە.

ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین ساڵی ١٩٥٤ لە کەرکوک لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لەکەرکوک تەواوکردووە، ساڵی ١٩٧٦ کۆلیژی ئەندازیاریی بەشی بیناسازیی لەزانکۆی سلێمانی تەواوکردووە ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٩٢ فەرمانبەر بووە وەک ئەندازیار لەبەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی سلێمانی، لە ١/٨/١٩٩٢ تا ١/٨/١٩٩٧ بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بووە لە کابینەی یەکەم و دووەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان  و کۆتایی ساڵی ١٩٩٧ خۆی خانەنشین کردووە.

ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و  تا ٢٠٠١ جێگری سەرۆک و لە ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ بۆتە سەرۆکی یەکێتییەکە، جگە لەبواری ئەندازیاریی، لە ساڵی ١٩٧٠ەوە دەستی بە نووسین کردووە  و خاوەنی چەندین کتێبی شیعری و رەخنەییەو چەندین نوسین و کتێبی تریشی ھەیە لەبواری ئەندازەیی شار و شوێن و ئاوەدانی، ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و  یەکێتیی نووسەرانی عێراق و ئەندامی کۆمەڵەی روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوکە.