ھەدەپە کار بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی دەکات

ھەدەپە کار بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی دەکات
ھەدەپە ئامادەکاری بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی دەکات بۆ ھەڵبژاردنەکانی تورکیا کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ٢٠١٩دا بەڕێوە بچێت.

پەروین بوڵدان و تەمەللی سەزای ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکەن بۆ تاوتوێکردنی رەوشی سیاسی و جەماوەری تورکیا و پاراستنی ئەو دەنگانەی لە ھەڵبژاردنی رابردوودا بەدەستیانھێناوە.

ھەدەپە سێیەمین حزبە کە زۆرترین کورسی ھەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا توانی ٥٩ کورسی بەدەستبھێنێت و لە ئێستاشدا کار بۆ پاراستنی دەنگەکانی دەکات، بە تایبەتی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە ئەندام و لایەنگرانیان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستگیرکردن بوونەتەوە و ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمان و لێپرسراوانی باڵای حزبەکە زیندانی کراون.

کارکردن بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانیش لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاری بەرچاو لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا کراوە و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەھەپە) پڕۆژەیاسایەکیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی "ھاوپەیمانی کۆماریی" بردە پەرلەمان و یاساکەیان گۆڕی.