ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لەسەر دوورخستنەوەی بەشیر زانیاری ئاشکراکرد

 ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لەسەر دوورخستنەوەی بەشیر زانیاری ئاشکراکرد

فەرماندەی ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لەبارەی لەسەرکارلادانی عومەر بەشیر زانیاریی ورد دەخاتەروو و رایدەگەیەنێت: ماوەی چوار مانگ بەشیر ھەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی داوە.

محەمەد حەمدان دەقلو فەرماندەی ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە سودان چەندین زانیاری لەبارەی دەستبەرداربوونی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لەپۆستەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: لەکارلابردنی بەشیر دوای چوار مانگ لە سووربوونی دێت لەسەر بەکارھێنانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان. 

وتیشی: دامەزراوە سەربازییەکان چەندین پێشنیازیان بۆ دەربازکردنی سودان لەقەیران پێشکەشکردووە، بەڵام عومەر حەسەن بەشیر ئامادە نەبووە، گوێیان لێبگرێت، ئەوەش ھێزە چەکدارەکانی ناچار کردووە کە لەدەسەڵات درووی بخەنەوە بۆئەوەی وڵات لەقەیران دەرباز بکرێت.

ئەو فەرماندە سەربازییەی سودان راشیگەیاندووە، لەسەرکارلابردنی بەشیر رووداوێکی ئاسایی نییە، لەبەرئەوەی دوای درووستکردنی گوشار لەلایەن فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانەوە بووە.

لەلایەکی تریشەوە دوای رۆژێک لەدەستبەکاربوونی دوای لەسەر کارلابردنی عومەر حەسەن بەشیر، عەوەز بن عەوف سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری سودان دەستی لەکار کێشایەوە و فەریق روکن عەبدولفەتاح بورھان شوێنی گرتەوە، عەبدولفەتاح بورھان پێشتر فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای سودان بووە و بە ئەندازیاری راستەقینەی ئەو گۆڕانکارییانە دادەنرێت کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە سودان روویاندا.

پێشتریش ئەنجومەنی سەربازیی سودان رایگەیاندبوو: دەسەڵات رادەستی حکومەتێکی مەدەنی دەکەن و لەگەڵ ھاووڵاتیان کێشەکان چارەسەر دەکەن.