ھێرشە موشەکییەکە چ زیانێکی بە سوریا گەیاند؟

ھێرشە موشەکییەکە چ زیانێکی بە سوریا گەیاند؟
ئەمریکا و فەرەنسا و بریتانیا ھێرشێکی موشەکیان کردە سەر ئامانجێک لە ناو خاکی سوریادا، ئێستاش ئەو پرسیارە دروست بووە، ئایا ئەو ھێرشانە چ زیانێکیان بە سوریا گەیاندوە و ئاراستەی چ ئامانجێک کراون؟

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٤-٤، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ھاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا و بریتانیا ھێرشێکی موشەکیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە ناو خاکی سوریادا. 

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی، لەو ھێرشە موشەکییەدا نزیکەی ١٠٠ موشەکیان ئاراستەی چەند ئامانجێک کردوە. 

ھەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو ئامانجانەی موشەکەکان پێکاونی، زیاتر ئامانجی سەربازی و بە دیاریکراویش پەیوەندییان بە چەکە کیمیاییەکانی سوریاوە ھەبووە.

ئەو لایەنانەی ھێرشەکانیان ئەنجامداوە واتە ئەمریکا و فەرەنسا و بریتانیا سوورن لە سەر ئەوەی ئامانجەکان بە وردی پێکراون و بەرگری ئاسمانی روسیا و سوریا نەیانتوانیوە ھیچ کام لە موشەکەکان بخەنە خوارەوە یان تێکیان بشکێنن، بەڵام روسیا و سوریا، بە تایبەتی روسیا باسی ئەوە دەکات کە ھێرشە موشەکییەکە ھەڕەمەکی بووە و ھیچ زیانێکی ئەوتۆی بە سوریا نەگەیاندوە.

لەو بارەیەوە، جان ئیف لۆدریان وەزیری بەرگری فەرەنسا رایگەیاندوە، بە ھۆی ھێرشە موشەکییەکەوە جبەخانەی چەکی کیمیای بە تەواوەتی لەناوبراوە.

ھاوکات، کینیس ماکنزی جەنەراڵی سوپای ئەمریکا رایگەیاندوە، سێ لەو ئامانجانەی موشەکەکان کردویانەتە ئامانج، ئامانجی گرنگ بوون، ژێرخانی سەرەکی بەرھەمھێنان و ئامادەکردنی چەکی کیمیای بوون و تێکشکێنراون.

لە لایەکی تریشەوە، سێرگی رودۆسکی یەکێک لە جەنەراڵە پایە بەرزەکانی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانمان، موشەکەکان زیانی ئەوتۆیان لێنەکەوتۆتەوە، فڕۆکەخانەکان زیانی ئەوتۆیان بەرنەکەوتوە.. تەنھا ئەوەندە نەبێت کە ھەندێک بنکەی سەربازی و توێژینەوەی حکومەتی سوریا زیانیان بەرکەوتوە کە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی گومانیان ھەبووە ئەو بنکانە تایبەتن بە چەکی کیمیایی.

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا رایگەیاندوە، بەرگریی ئاسمانی سوریا بە چەکی پێشکەوتوو بەرپەرچی موشەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی داوەتەوە، ئەو موشەکانەی ئاراستەی بنکەی توێژینەوەی زانستی ناوچەی بەرزەی شاری دیمەشق کراون ئامانجەکانیان نەپێکاوە.