ھۆشداری دەدرێت لە ھاتنە ناوەوەی ھێزی زیاتری تورکیا بۆ عێراق

ھۆشداری دەدرێت لە ھاتنە ناوەوەی ھێزی زیاتری تورکیا بۆ عێراق
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆشداری دەدات لە ھاتنەناوەوەی ھێزی زیاتری تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق. 

"حاکم زاملی" سەرۆکی لیژنەی ئاسایش بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، ھاتنە ناوەوەی ھێزی زیاتری تورکیا پێکدادان لە نێوان ئەو ھێزانە و سوپای عێراقدا دروست دەکات و دەبێتە سەرھەڵدانی قەیرانی سیاسی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.

"حاکم زاملی" تەئکیدی کردۆتەوە، ھێزە عێراقییەکان  لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا جێگیرکراون و پێویستیان بە ھیچ ھێزێکی دەرەکی نییە ھاوکارییان بکات لە پاراستنی رەوشی ئەمنیی ناوچەکاندا.  

زاملی داوای کشانەوەی ئەو ھێزانەی تورکیاشی کردووە کە لەماوەی رابردوودا ھاتوونەتە عێراقەوە، بە پێویستیشی دەزانێت پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا وەک دوو وڵاتی دراوسێ لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت و تورکیا ھەوڵ نەدات ھەنگاو بۆ لەشکرکێشی لەناو خاکی عێراقدا بنێت.