ھاوپەیمانیی نیشتمانی ھەوڵدەدات گۆڕانکاری لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نەکرێت

ھاوپەیمانیی نیشتمانی ھەوڵدەدات گۆڕانکاری لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نەکرێت
ھاوپەیمانیی نیشتمانی لە ھەوڵی ئەوەدایە گۆڕانکاری لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نەکرێت. وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی کە بەشێکە لە ھاوپەیمانیی نیشتمانی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە پیشنیارێکی نوێ خراوەتەڕوو بۆ ھێشتنەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بەو ستافەی ئێستای و بۆ ماوەیەکی دیاری کراو، لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێی کۆمیسیاران.
حەمید معەلا وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکردووە ئێستا دەرفەتی ئەوە رەخساوە بانگەشە بکەن بۆ پەلەکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێی کۆمیسیاران. کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە عێراق دەستەیەکی سەربەخۆیە لەژێر چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و دەسەڵاتی ئەوەی پێ بەخشراوە ری َوشوینەکانی تایبەت بە راپرسی و ھەلبژاردنەکان لە عێراقدا دەستنیشان بکات. 
لەماوەی رابردوودا زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە "بەغداد"ی پایتەخت و چەند پارێزگایەکی تری عێراق رێکخرا و تیایدا خۆپیشاندەران داوای لەسەرکارلابردنی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیان کردووە و پێداگرییان کردووە لەسەر ئەوەی یاسایەکی نوێ بۆ ھەلبژاردنەکان دابرێژرێت.