گەردوونناسان هۆشداری لە پڕۆژەی ئینتەرنێتی جیهانی دەدەن

گەردوونناسان هۆشداری لە پڕۆژەی ئینتەرنێتی جیهانی دەدەن

کۆمپانیای سپەیس ئێکس، توانی سەرکەوتووانە لە یەکەم قۆناغی دامەزراندنی ئینتەرنێتیی جیهانیدا، 60 مانگی دەستکرد لە کۆی 12 هەزار مانگی دەستکرددا رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات و گەردوونناسانیش لەبارەی پڕۆژەکەوە هۆشداری دەدەن.

کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە 23ی مایسدا لەڕێی مووشەکی فاڵکۆن 9، یەکەمین کەشتیگەلی ستارلینکی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە کە خۆی لە 60 مانگی دەستکرد دەبینییەوە کە کێشی تەواوی مانگەدەستکردەکان 13.6 تۆنە و بە بەرزایی 400 کیلۆمەتر لە زەوییەوە چوونە پاڵ دوو مانگی دەستکردی تر کە پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2018دا رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرابوون.

ڤیدیۆی رەوانەکردنی مانگەدەستکردەکان لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە کە هاوشێوەی ملوانکەیەکی مرواری بەدوای یەکدا دەڕۆیشتن.

ئامانج لەم پڕۆژەیەش، دابینکردنی پێشوەختی ئینتەرنێتە بۆ چوار ملیار بەکارهێنەری تر و خێراترکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێتە بە نرخێکی هەرزانتر، هاوکات بەرفراوانترکردنی تواناکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس.

لە ئێستادا 500 مانگی دەستکردی کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە بۆشایی ئاسماندا بوونیان هەیە و چاوەروانیش دەکرێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستارلینکدا بۆ ئینتەرنێتی جیهانی، ژمارەی مانگەدەستکردەکانی بۆ 12 هەزار دانە زیادبکرێت، لە پێناو رێگرتن لە دیاردەی پیسبوونی بۆشایی ئاسمان، وا پلانی بۆ دانراوە، مانگەدەستکردەکان دوای ئیشکردنیان بۆ ماوەی 5 ساڵ بسووتێن و تیابچن، ئەمەش لەکاتێکدا، دەتوانرێت بە مانگێکی دەستکردی تر جێگەیان بگیرێتەوە.

گەردوونناسان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم پڕۆژەیە ببێتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵییەک بە مانگەدەستکردەکان لە بۆشایی ئاسمان، ئەندامانی کۆمەڵەی گەردوونناسیی ئەمریکا رایدەگەیەنن: پێویستە دووبارە چاو بەم تەکنەلۆژیایەدا بخشێنینەوە پێش ئەوەی درەنگ دابێت.

کۆمەڵەی گەردوونناسانی ئەمریکا پێشبینی دەکات لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ژمارەی مانگەدەستکردەکانی تایبەت بە هێڵی ئینتەرنێت بگاتە دەیان هەزار دانە، کە ئەمەش بەو مانایە دێت لە ئەستێرەکان زیاتر دەتوانرێت ببینرێن لە شەودا و لە هەر کاتێکدا، مرۆڤ دەتوانێت نزیکەی 500 دانەی بەرچاوبکەوێت.

گەردوونناسان، ئەم پڕۆژەیە بە زیانگەیاندن بە زانستی گەردوونناسی ناودەبەن، چونکە بەهۆی تیشکدانەوەی مانگەدەستکردەکانەوە رێگری دەکات لەوەی بتوانرێت لەڕێی تێلیسکۆپەکانەوە چاودێریی بۆشایی ئاسمان بکرێت.