گۆشتی سپی هاوشێوەی گۆشتی سوور کۆلیسترۆڵ بەرزدەکاتەوە

گۆشتی سپی هاوشێوەی گۆشتی سوور کۆلیسترۆڵ بەرزدەکاتەوە

دوای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ وا دەزانرا خواردنی گۆشتی سپی زیانی کەمترە وەک لە گۆشتی سوور، بەڵام لە نوێترین توێژینەوەدا ئاشکرابووە، هەردوو جۆرە گۆشتەکە هەمان کاریگەریی لەسەر کۆلیسترۆڵ دادەنێن.

لە گۆڤاری تەندروستیی خۆراکیی ئەمریکیدا هاتووە، ئەو پڕۆتینانەی لە گۆشتدا نین و لە بەرهەمی سەوزە، پاقلەمەنی، شیرەمەنی و دانەوێڵەکاندان سوودی زیاتریان هەیە بۆ کۆلیسترۆڵ.
وەک زانراوە، چەورییە زیانبەخشەکان کە زۆرینەیان لە بەرهەمە ئاژەڵییەکانەوەن، دەبنە هۆی چڕبوونەوەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە سووڕی خوێندا، ئەگەر ئەو ماددە مۆمییەش لە دەمارەکاندا دروستبێت، لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری جەڵتەی دڵ و مێشک دەکات.

پسپۆڕانی خۆراک بۆچوونیان وایە کە رێژەی چەوری بەشێوەیەکی گشتی لە گۆشتی سووردا زیاترە وەک لە سپی و مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەسەکە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ بکات، بەڵام بە بۆچوونی توێژەران، ئەم تیۆرییە بەپێی پێویست لێینەکۆڵراوەتەوە و بەگشتی لەسەر بۆچوونە کۆنەکان بنیاتنراوە. 

بۆ روونکردنەوەی زیاتری ئەم پرسە، لە نوێترین توێژینەوەدا زیاتر لە 100 پیاو و ژنی تەندروست کە تەمەنیان لەنێوان 21 بۆ 65 ساڵیدا بوو بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستنیشانکران و خرانە تاقیکردنەوەیەکی خۆراکییەوە و لەو ماوەیەشدا خواردنەوە کهولییەکانیان لێ قەدەغەکرا و سێ جۆر ژەم خۆراکیان پێ تاقیدەکرایەوە، جۆری یەکەمیان گۆشتی سوور (مانگا)، دووهەمیان گۆشتی سپی (مریشک)، سێهەمیشیان ژەمە خۆراکێکی بێ گۆشت بوو و لە دانەوێڵە و رووەکەکان پێکهاتبوو، تاقیکردنەوەی هەر ژەمێکیش بۆ ماوەی چوار هەفتە بەردەوام دەبوو و دواتر نموونەی خوێن لە دەستپێک و کۆتایی هەرجۆرە ژەمێکدا لە بەشداربووەکان وەردەگیرا. 

ئەنجامی تاقیکردنەوەکە دەریخست، پرۆتینە رووەکییەکان کاریگەرییەکی تەندروستانەیان لەسەر رێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا هەیە، هاوکات کاریگەریی گۆشتی سپی و سوور لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵی بەشداربووەکاندا چوونیەک بوون و هەروەها رێژەی چەوریشیان هاوتا بووە.

توێژەران سەرنجیشیان لە قەبارە دەنکۆڵەکانی کۆلیسترۆڵ داوە، بەو پێیەی پێشتر وا دادەنرا، دەنکۆڵە گەورەکانی کۆلیسترۆڵ هێندەی دەنکۆڵە بچوکەکان کاریگەرییان لەسەر رەقبووی دەمارەکان نییە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، کۆلیسترۆڵی زیانبەخش، ئەگەر بچوک بێت و ئەگەر گەورە، پەیوەندیی راستەوخۆی بە رەقبوونی دەمارەکانەوە هەیە، چونکە توێژینەوەکە بە لەبەرچاوگرتنی دەنکۆڵەی بچووک و مامناوەند و گەورەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لە خوێنی بەشداربووەکاندا بەدی نەکرد لەو ژەمە خۆراکانەی کە لە گۆشتی سپی و سوور پێکهاتبوون.

سەرەڕای ئەمەش، بەپێی بۆچوونی توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفرانسیسنکۆ، ئەو بۆچوونە کۆنەی کە دەڵێت خواردنی "گۆشتی سپی زیانی کەمتر بە دڵ دەگەیەنێت"، هێشتا پێدەچێت لەخۆیدا راست بێت، چونکە رەنگە گۆشتی سوور هەندێک کاریگەریی نەرێنی تری هەبێت لەسەر دەمارەکان و سووڕی خوێن، کە ئەمەش پێویستی بە خستنەڕووی ڕوونکردنەوە و توێژینەوەی زیاترە.

ماریا رۆمۆ پالافۆکس، پسپۆڕی خۆراک و ئەندامی ناوەندی رۆد بۆ پلانی خۆراک و قەڵەوی لە زانکۆی کۆنێتیکت توێژینەوەکەی بە سەرکەوتووانە ناوبردووە و رایگەیاندووە: "ئەگەر بەدەست کێشەکانی کۆلیسترۆڵەوە دەناڵێنیت، یاخود لە خانەوادەکەتەوە گرفتەکانی دڵ و کۆلیترۆڵت بە بۆماوەیی بۆماوەتەوە، وا باشترە رێژەیەکی کەمتر گۆشت بخۆیت، چ سپی بێت چ سوور، لەبری ئەوە فاسۆلیا و نیسک و دانەوێڵە پرۆتین بەرزەکانی وەک سۆیا بخۆ". 

راشیگەیاندووە: "بە پشتبەست بە توێژینەوەکان، جەخت لەوە دەکەینەوە، ژەمە خۆراکی رووەکی ئەنجامی تەندروستییەکی باشتری لێدەکەوێتەوە و کەمترین کاریگەریشی بۆسەر ژینگە هەیە".
پسپۆڕە خۆراکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زاناکان بەدیاریکراوی هۆکاری ئەوە نازانن چی وادەکات پڕۆتینە رووەکییەکان پارێزگاریی لە دڵ بکەن، بەڵام پێدەچێت ڤیتامین و کانزاکانی تر کە لە رووەکەکاندان سوودی زیاتریان بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و سیستمی سووڕی خوێن هەیە.