گرفتە تەکنیکییەکەی فەیسبووک و واتس ئەپ و ئینستاگرام چارەسەرکرا

گرفتە تەکنیکییەکەی فەیسبووک و واتس ئەپ و ئینستاگرام چارەسەرکرا

ئەو گرفتە تەکنیکییەی دووچاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بووەوە و واتس ئەپ و ئینستگرام و ماسنجەریشی گرتەوە، چارەسەر کرا.  

کۆمپانیای فەیسبووک بڵاویکردەوە، گرفتەکە لە ناردن و داگرتنی وێنە و ڤیدیۆدا دروستبووە و بەکارھێنەران نەیاندەتوانی چالاکییەکانیان بڵاوبکەنەوە، ھۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو ھەڵمەتی چاکسازییەی کە بە ئەنجامیان گەیاندووە.

بەھۆی دروستبوونی ئەو گرفتە لە فەیسبووکدا، زۆرێک لە بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رێی تویتەرەوە نیگەرانییان دەربڕی. 

پێگەی "داون دیدکتور دوت کۆم"یش بڵاویکردەوە، زیاتر لە 14 ھەزار بەکارھێنەر باسیان لەو گرفتانە کردووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام رووبەڕوویان بووەتەوە و 7ھەزار و 500 کەس لە فەیسبووک و ھەزار و 600 کەسیش لە وەتس ئەپ باسیان لە کێشەکە کردووە. 

راگیرانی چەند بەشێکی فەیسبووک لەسەر ئاستی جیھان بووە و زۆرترین کێشەکانیش لە ئەمریکا و ئەورووپا و ئەفریقای باشوور و ژاپۆندایە.

دوێنێ رۆژی چوارشەممە گرفتێکی تەکنیکی دووچاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتس ئەپ بووەوە و بەکارھێنەران نەیاندەتوانی وێنە و ڤیدیۆ دابگرن و نەشیاندەتوانی بینەری ڤیدیۆ و وێنەکان بن.