کۆشکێکی ئیمپراتۆریەتی میتانی دۆزرایەوە

کۆشکێکی ئیمپراتۆریەتی میتانی دۆزرایەوە

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی ئاستی ئاو لە عێراق، کۆشکێک کە مێژووەکەی بۆ ھەزاران ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، ئاشکرا دەکات. 

زانکۆی توبنگنی ئەڵمانی رایگەیاند: تیمێکی شوێنەوارناسیی ئەڵمانی و کورد، کۆشکێکیان دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 3 ھەزار و 400 ساڵە و بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی میتانی دەگەڕێتەوە و نزیکەی 10 تابلۆی لە قوڕ دروستکراویشی تێدا بووە کە نوسینی مسماری لەسەر بووە. 

پێگەی دۆچە فیلەی ئەڵمانیش بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی ئەو شەپۆلی گەرمایەی ھۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە کۆگای ئاوی بەنداوی موسڵ، ئەو تیمە ھاوبەشە توانیویانە ئەو کۆشکە بدۆزنەوە. 

بە وتەی ئەو تیمە، کۆشکەکە بە یەکێک لە گرنگترین ئەو شوێنە مێژوویی و دێرینانە دادەنرێت کە بە درێژایی چەندین سەدەی رابردوو لە ناوچەکە دۆزراوەتەوە و ئاماژەیەکیشە بۆ سەرکەوتوویی تیمە ھاوبەشە ئەڵمانی و کوردییەکە.

ئیڤانا بولیز زانای شوێنەوار لە زانکۆی توبنگن رایگەیاندووە: ئیمپراتۆریەتی میتانی یەکێکە لە ئیمپراتۆریەتە نادیار و نامۆکان لە خۆرھەڵاتی کۆن و تا ئێستا پایتەختەکەی دیارینەکراوە.  

ھەوڵ دەدرێت لێکۆڵینەوە لە تەواوی ئەو تابلۆیانە بکرێت کە لە کۆشکەکەدان، بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر ئیمپراتۆریەتی میتانی ئاشکرا بکرێت.