کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕی تاقیکردەوە

کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕی تاقیکردەوە
کۆریای باکور تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستی نوێی بە سەرکەوتوویی راگەیاند. 
بەپێی سەرچاوە ھەواڵییەکانی ئەو وڵاتە, "پیۆنگ یانگ" بە سەرکەوتوویی جۆرێکی نوێی مووشەکی بالیستی کیشوەربڕی تاقیکردۆتەوە, کە لە جۆری " ھواسونج ١٥" بووە و لە توانایدا ھەیە بگاتە کیشوەری ئەمریکا. 
راشیانگەیاندووە, ئەو مووشەکە بەھێزترین بووە کە تا ئێستا ئەو وڵاتە تاقیکردبێتەوە و مەودای ٩٥٠ کیلۆمەتری لە ماوەی ٥٣ خولەکدا بڕیوە و بەرزییەکەشی گەیشتۆتە ٤ ھەزار و ٤٧٥ کیلۆمەتر. 
"کیم جون ئونگ"ی سەرۆکی وڵاتەکەش بڕیاری تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکەی داوە و راشیگەیاندووە, پڕۆگرامی مووشەکییەکەی ھەڕەشە بۆ سەر ھیچ وڵاتێک دروست ناکات ئەگەر سەروەری خاکەکەی نەبەزێنرێت.
لە کاردانەوەکانیشدا بۆ ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە, دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی ھێزە چەکدارەکان لە کۆریای باشور مانۆڕێکی ئاسمانی و دەریایی و وشکانیان راگەیاندووە. 
ھاوکات "ئەنتۆنیۆ گۆترێس" سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تاقیکردنەوەی ئیدانە کردووە و بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناویبردووە.