کوریای باکوور رووبەرووی وشکەساڵییەکی سەخت بووەتەوە

کوریای باکوور رووبەرووی وشکەساڵییەکی سەخت بووەتەوە

کوریای باکووری ڕووبەڕووی گەورەترین وشکەساڵی و بێ بارانی بووەتەوە بە شێوەیەک کە لە 37 ساڵی ڕابروودا شتی وا ڕووینەداوە.

ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانییەکی زۆر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە کەمبوونەوەی خۆراک لە کۆریای باکووردا. ئاژانسی ھەواڵی کۆریا باکوور ڕایگەیاند: تا سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ تەنیا 54 ملم باران باریوە ئەو ڕێژەیەش لە ساڵی 1982 ەوە بە کەمترین ڕێژەی باران بارین دادەنرێت لەو وڵاتەدا. 

لای خۆشیەوە ڕێکخەرانی نێودەوڵەتیی خۆراک ڕایگەیاند: وشکەساڵی بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی خۆراک و لە ئێستاشدا نزیکەی 10 ملیۆن کەس پێویستیان بە ھاوکاریی خۆراکی ھەیە. 

سەرۆکایەتیی کۆریای باشووریش ڕایگەیاندووە: پشتیوانیی لە پلانەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا  دەکات بۆ ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کۆریای باکوور. 

کۆریای باکوور بەھۆی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالستییەوە کۆمەڵێک سزای نێودەوڵەتی بەسەردا سەپێنراوە ئەوەش وای کردووە  نرخی خۆراک زۆر بەرزبێتەوە.