ڕێکارە یاساییەکانی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن تەواو بووە

ڕێکارە یاساییەکانی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن تەواو بووە

ڕێکارە یاساییەکانی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایپێھاتووەو بڕیارە لەداھاتوویەکی نزیکدا دەستبەدابەشکردنی بکرێت.

زەردەشت مەلا حەسەن بەڕێوەبەری دارایی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ووردبینی ناوی کارمەندەکان تەواو بووە و رێکارە یاساییەکانیش تەواو کراون، ئەو کارانەشی کە ماون لەلای وەزارەتی دارایی ھەرێمەو پێیان راگەیاندون، ١٥ بانک دیاری بکرێت بۆ ئەوەی پارەی کارمەندانی سەرسندوقەکانی دەنگدان لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک دابەش بکرێت.

وتیشی پارەی پیویست بۆ کارمەندان دیاریکراوە کە نزیکەی ٦ ملیار دینارە، تەنھا دیاریکردنی بانکەکان ماوە کە کۆمسیۆن داوایکردوە لە رێگەی بانکە بازرگانییەکانەوە پارەکە دابەش بکرێت، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی ھەڵگرتنی پاشەکەوتی موچە وەزارەتی دارایی و بانکەکان سەرقاڵن و ھەفتەیەکە کارەکانی کۆمسیۆن بەو ھۆیەوە راگیراوە، چاوەڕوان دەکەن ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی ھاوکارییان بکات بۆ ئەوە پارەکە دابەش بکرێت.