ڕۆبۆتەكان مەترسیان لەسەر دەرفەتی كار دروست كردووە

ڕۆبۆتەكان مەترسیان لەسەر دەرفەتی كار دروست كردووە

پەرەپێدانی زیرەكیی دەست كرد و بەرەوپێشچوونی ڕۆبۆتەكان و پێشخستنیان بۆ ئەنجامدانی ئەركی جۆراوجۆر مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر داهاتووی هەلی كار و دەستی كار دروست كردووە.

 

پێگەی "مەین جۆب دۆت كۆم" لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بۆ ڕاپۆرتێكی پەیمانگای برۆكینگی ئەمریكی كردووە، بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٦ ملیۆن كەس لە ئەمریكا ئەو كارانە ئەنجام دەدەن كە بەهۆی پێشخستنی ڕۆبۆتەكانەوە مەترسی گەورەیان لەسەرە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو كارانە لە جیاتی ئەوەی لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام بدرێت ڕۆبۆتەكان ئەنجامی بدەن .

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو كاتە دیار نییە كەی ڕۆبۆتەكان جێی مرۆڤ دەگرنەوە لە ڕاپەڕاندنی ئیش و كارەكاندا، دەكرێت دوو ساڵی تر یان دوو دەیەی تر بێت.

 

لە جیهاندا مشتومڕێكی زۆر هەیە لەسەر زیرەكیی دەست كرد و ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی ئەوەی كە ئایا دەكرێت زیرەكیی دەستكرد پێش زیرەكیی ئاسایی بكەوێت، وەڵام دانەوەی ئەو دوو پرسیارە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە كە بەشێكیان پێیان وایە زیرەكیی دەستكرد مەترسییەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی، بەشێكی تریشیان پێیان وایە كە زیرەكیی دەستكرد چەند پێشكەوتووش بێت ناتوانێت پێش زیرەكیی مرۆڤ بداتەوە .