چۆمان هەردی لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی نەمامێک دەچێنێت

چۆمان هەردی لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی نەمامێک دەچێنێت

چۆمان هەردی نووسەر و وەرگێڕ لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی نەمامێک دەچێنێت و لەلایەن خۆشیەوە دوو کەسی تر رادەسپێرێت بە هەمان شێوە بەشداربن لە هەڵمەتی دارێک بچێنە و شارێک سەوز بکە.

چۆمان هەردی لە ڤیدیۆیەکدا کە لاپەڕەی "یەڵڵا کوردی" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، چۆمان هەردی دەڵێت: " من ئەمڕۆ ئاڵنگارییەکەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی قبوڵ دەکەم، نەمامێک دەچێنم و شارێک سەوز دەکەم".

راشیگەیاند: وەک مامۆستایەک بەلامەوە گرنگە نەمامەکە لە شوێنێکی فێرکاری بچێنم، کە ئەویش خوێندنگەی ئەحمەد هەردییە".

دوای چاندنی نەمامەکە، چۆمان هەردی رایگەیاند: من ئەمڕۆ نەمامێکی پادۆنیام ناشت لە خوێندنگەی ئەحمەد هەردی کە دەکرێت ئەم نەمامە 20 تا 30 مەتر بڵند بێت، دڵنیام لەم خوێندنگەیەدا خزمەتی دەبێت و گەشە دەکات".

دواتر، چۆمان هەردی لەلایەن خۆیەوە داوای دوو کەسی تر کرد لە هەڵمەتی نەمام چاندنەکەدا بەشداربن، کە یەکەمیان، دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، چۆمان هەردی هەڵبژاردنی دکتۆر یوسفی گەڕاندەوە بۆ پێزانینێکی ئەو لە هەوڵەکانی ئەو لە بواری خوێندنی باڵادا و بەتایبەتی ئەو بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا کە لەمانگی هەشتی 2018دا خوێندنی جێندەری لە زانکۆکانی کوردستاندا بە رەسمی کرد.

دووهەم کەسیش کە لەلایەن چۆمان هەردییەوە راسپێردرا، نیاز عەبدوڵا رۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە، چۆمان هەردی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: خاتوو نیاز یەکێکە لەو کەسانەی هەمیشە شانازی پێوەدەکەم.

راشیگەیاند: خاتوو نیاز رۆژنامەنووسێکی بوێرە کە هەرگیز سازش لەسەر ماف و یەکسانی و عەدالەت ناکات".

وتیشی: هیودارم هەردووکتان لەم ئاڵنگارییەدا بەشداربن و هەموومان بەشداربین لە سەوزکردنی نیشتماندا".

پێشتر لە 5ی حوزەیران لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، قوباد تاڵەبانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (دارێک بچێنە و شارێک سەوز بکە) کە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە راگەیەندرا، دارێکی چاند و دواتر، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و چۆمان هەردی نووسەر و وەرگێڕی راسپارد لەلایەن خۆیانەوە دارێک بچێنن و ئەوانیش داواکارییەکەی قوباد تاڵەبانییان قبوڵکرد.