پەرلەمانی ئەورووپا داوای راگرتنی دانوستانەکانی بەئەندامبوونی تورکیا دەکات

پەرلەمانی ئەورووپا داوای راگرتنی دانوستانەکانی بەئەندامبوونی تورکیا دەکات

پەرلەمانی ئەورووپا داوای راگرتنی دانوستانەکانی تایبەت بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە دەکات و سەرۆکایەتیی تورکیاش دەڵێت: ئەو بڕیارە هیچ بەهایەکی نییە.

لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئەوروپا لە (ستراسبۆرگ)، 370 پەرلەمانتار دەنگیانداوە بە راگرتنی دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، ھاوکات 109 پەرلەمانتار دژی راگرتنی دانوستانەکان بوون و 143 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەداوە. 

پەرلەمانتارانی ئەورووپا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ و سیستمی سەرۆکایەتی و ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی لە تورکیا، دەشڵێن: سەرجەم ئەو پرسانە رێگرە لەوەی تورکیا بچێتە نێو یەکێتیی ئەورووپاوە. ھەروەھا داواشیان کردووە، بەرەسمی دانوستانەکان رابگیرێن و ئەنجومەنی ئەورووپا بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە بدات.

لەبەرامبەر ھەڵوێستەکەی پەرلەمانی ئەورووپاش، ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا ئەو بڕیارەی ئەورووپای بە تاکلایەنانە ناوبردووە و رایگەیاندووە: ئەو بڕیارە لەلای تورکیا ھیچ بەھایەکی نییە.