پۆمپیۆ: بۆ رێگریکردنی لە باڵادەستیی ئێران پێویستە پشتیوانی لە سعودیە بکەین

پۆمپیۆ: بۆ رێگریکردنی لە باڵادەستیی ئێران پێویستە پشتیوانی لە سعودیە بکەین

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: پێویستە پشتیوانیی سعودیە و ھاوپەیمانیی عەرەبی بکرێت بۆ رێگرتن لە باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکەدا.

پۆمپیۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ رێگریکردن لە باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکەدا، پێویستە پشتیوانیی ھاوپەیمانیی عەرەبی بکرێت لە شەڕی یەمەن بە سەرۆکایەتیی سعودیە، وتیشی: پێویستە رێگری بکرێت لەوەی ئێران کۆنتڕۆڵی رارەوە ئاوییەکان بگرێتەدەست. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر پرۆژەبڕیارێک داوە بۆ راگرتنی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ھاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن.

ھەروەھا پۆمپیۆ لەبەرامبەر ھەوڵێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان ھۆشداری ئەوەی دا کە واشنتۆن لە مامەڵەی ڤیزادا رێوشوێنی تووندیان لەبەرامبەردا دەگرێتە بەر.

لەبارەی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پیۆنگ یانگ، پۆمپیۆ ھیوای بەردەوامبوونی دانوستانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی خواست و ھەروەھا پێشبینی ئەوەشی کرد، کۆریای باکوور پابەند بێت بە راگرتنی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی.