پۆلیسی سلێمانی دەستدەگرێت بەسەرچەندین ماتۆڕسكیلی بێ‌ سەرەتا وچەکی بێ مۆڵەت

پۆلیسی سلێمانی دەستدەگرێت بەسەرچەندین ماتۆڕسكیلی بێ‌ سەرەتا وچەکی بێ مۆڵەت

هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و  شەوی ڕابردوو دەستیان گرتووە  بەسەر چەندین ماتۆڕسكیلی بێ‌ سەرەتاو چەند سەرپێچیكارێكیش ڕوبەڕوی یاسا كرانەوە .

 پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندوە : بەئامانجی ڕوبەڕو كردنەوەی كەسانی سەرپێچیكار بەیاسا و دەستبەسەردا گرتنی ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و دەستبەسەردا گرتنی چەكی بێ‌ مۆڵت و سەرپێچی یاسایی تر ، بەدانانی مەفرەزەی شەوانە لەسەرجەم كوچەو كۆڵانەكاندا هەریەكە لەبەشی پۆلیسی پێنجوێن و سەید سادق و دوكان گەڕان و پشكنینەكانیان دەسپێكردوو توانرا دەستبگیرێت بەسەر زیاتر لە 40 ماتۆڕ سكیلی بێ‌ سەرەتا و ئۆتۆمبێلێكدا .

هەروەها هێزەكانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن لە هەڵمەتەشەوانەكەیاندا توانییان دەستبگرن بەسەر 6 ماتۆڕ سكیلی بێ‌ سەرەتاو ئۆتۆمبێلێكدا كە هیچ سەرەتایەكی نەبووە.

هاوكات شەوی ڕابردوو هێزەكانی بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی دوكان بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی دوكان مەفرەزەیەكیان پێك هێنا بە ئامانجی دەستگرتن بەسەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلی بێ سەرەتا و هەروەها دەستگرتن بەسەر چەقۆ و دەمانچەی بێ مۆڵەت و هەر كەرەستەیەك بەئامانجی توندوتیژی بەكاربهێنرێت .

لەو هەڵمەتەدا چەند كەسێك ڕوبەڕوی یاسا كرانەوە كە سەرپێچییان كردبوو و دەستیش گیرا بەسەر چەند چەقۆو بۆكس خەنجەرێكدا .

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندوە: هەڵمەت و گەڕان و پشكنینی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەردەوامییان دەبێت و هەركەسێك سەرپێچی یاسایی ئەنجام بدات دەستگیردەكرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە .