پۆلیسی سلێمانی: بەهیچ جۆرێک تەقە لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان نەکراوە

پۆلیسی سلێمانی: بەهیچ جۆرێک تەقە لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان نەکراوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی دەنگۆی تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە: بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، شەوی ڕابردوو سەعات 1 و 30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی)ی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستوویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردووەتە سەر سكیورتیەكان و تەقە دروست بووە لەبەردەم نەخۆشخانەكەدا و دوور لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆیەوە هاووڵاتیی (ڕ ، ف) برینداربووە و دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس، دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە و تەنیا كێشەكە لە نێوان چەكدارەكان و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە.

هاوکات پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە: لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و لە داهاتووشدا تەواوی ڕێكارە یاساییەكان بۆ هاووڵاتیان دەخەینە ڕوو.