پۆلیسی دارستانی سلێمانی وادەی دەستپێکردنەوەی راوکردنی ماسی راگەیاند

پۆلیسی دارستانی سلێمانی وادەی دەستپێکردنەوەی راوکردنی ماسی راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستانی سلێمانی وادەی دەستپیکردنەوەی راوکردنی ماسی راگەیاند و ئاماری چالاکییەکانی 3 مانگی رابردووی ئاشکراکرد.

دوای ئەوەی لە 3/15 و بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ماسی، قەدەغەکردنی راوە ماسی راگەیاندرا، ھێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە 6/15ەوە بەپێی رێنماییەکان، راوکردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە.

راشیگەیاند: ساڵی رابردوو قەدەغەکردنەکەمان بۆ ماوەی چەند رۆژێک درێژکردەوە، ئەمەش لەبەر بەرژەوەندیی گشتی بوو، بەڵام ئەم ساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ماسییەوە ئاگادارکراینەوە و بەوھۆیەشەوە لە رۆژی جومعە لەسەر شەممە ریکەوتی 6/15 راوکردن ئاسایی دەبێتەوە. 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستانی سلێمانی وتیشی: راوکردن بەپێی رێنماییەکان ئاسایی دەکرێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لەوەی کە شاشیی تۆڕی راوکردنی ماسیی نابێت لە ھەشت سانتیم کەمتربێت، ھەروەھا راوکردنیش بە قولاپ ئاساییە، بەڵام راوکردنی ماسی لە ھەموو کات و ساتەکاندا بە بەکارھێنانی تەزووی کارەبا و زەھر و تەقەمەنی قەدەغەیە.

لەبارەی ئاماری ئەم سێ مانگە کە تیایدا راوکردنی ماسی قەدەغە کراوبووە، هێمن کەمەرخان رایگەیاند: 83 هاووڵاتی دەستگیرکراون و ساڵی رابردووش 109 هاووڵاتی دەستگیرکرابوون.

وتیشی: ئەو تۆڕانەی دەستیان بەسەرداگیراوە 939 تۆڕن و هەروەها دەستیش بەسەر 526 ماسی راوکراودا گیراوە و خراونەتە زیادکردنی ئاشکراوە، بە دەیان ماسیش لە تۆڕەکان ئازادکراون و خراونەتەوە ناو دەریاچەکان.