پوتن داوا لە ئێران دەکات پابەندی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بێت

پوتن داوا لە ئێران دەکات پابەندی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بێت

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا داوا لە ئێران دەکات پابەندبێت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڤلادیمێر پوتن لە چوارچێوەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەلیکسەندەر فان دیر بیلنی هاوتا نەمساوییەکەیدا رایگەیاند: لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ هاوپەیمانە ئێرانییەکانیانمان چەندین جار ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە کە سەرەڕای هەر پێشهاتێک، بەرژەوەندیی ئێران لە مانەوەیدایە لە پابەندبوون بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە.

راشیگەیاند: ئێستا شتێکی نادیپلۆماسیانە دەڵێم کە هاوڕێ ئەورووپییەکانمان حەز بە بیستنی ناکەن، ئەمریکا تاکلایەنە کشایەوە و بەوهۆیەوە رێککەوتنەکە شکستی هێنا، لە بەرامبەریشدا وڵاتانی ئەورووپا لەتوانایاندا نییە ئەو رێککەوتنە رزگاربکەن و قەرەبووکردنەوەی کەرتی ئابووریی ئێرانیشیان پشتگوێخستووە.

ئەمڕۆ تاران بە رەسمی چەند پابەندبوونێکی بە رێککەوتنی ئەتۆمی راگرت و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەش کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی بڕیارەکەش، چیتر ئێران پابەندنی سنووردارکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئاوی قورس نابێت.