٢٠ بیرمەندی جیھانی داوای بەھاناوەچوونی عەفرین دەکەن

٢٠ بیرمەندی جیھانی داوای بەھاناوەچوونی عەفرین دەکەن
٢٠ بیرمەندی جیھانی بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆرئاوای کوردستان داوای سزادانی تورکیا دەکەن.

لە رێگەی نامەیەکەوە، ٢٠ بیرمەندی جیھانی داوا لە ئەمریکا دەکەن بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆرئاوای کوردستان، سزای سیاسی و ئابووریی تورکیا بدات، لە نامەکەیاندا (دێبی بۆکچین و  نوام چۆمسکی و مایکل ھارت) و ١٧ بیرمەندی تری جیھانی ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای ڕزگارکردنی شاری رەققە لە تیرۆریستانی داعش لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، حکومەتی تورکیا پەلاماری کانتۆنی عەفرینی داو بەھۆیەوە شەڕڤانان ناچاربوون بەرەکانی شەڕی بەرامبەر بە داعش بەجێبھێڵن و بگەڕێنەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان، ھەر بەھۆی پەلامارەکانی تورکیاشەوە  تاوانی مرۆیی رویداوە و بە سەدان ھەزار ھاووڵاتی لە ترسی سوپای تورکیا و ھاوپەیمانەکانی لە عەفرین ئاوارەبوون و شارەکەیان بەجێھێشتووە.

لە درێژەی نامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، کۆمیتەیەکیان پێکھێناوە بۆ ھاوکاریکردن و پشتگیریکردنی خەڵکی عەفرین، بەمەبەستی کۆتاییھێنان بە پیلانەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی مەنبەج و چەند ناوچەیەکی تری تایبەت بەکوردەکان، ھاوکات ھەولێکی تری کۆمیتەکەیان بۆ کۆتاییھێنانە بە پەلامارەکان و کشانەوەی سوپای تورکیا لەو ناوچانەی داگیری کردوون، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە ئەمریکا دەکەن، گەمارۆی ئابووری و سیاسی بخاتە سەر تورکیا و بڕیاریش بدات فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە تورکیا قەدەغە بکرێت.