وەزیری نەوت: ھەناردەی نەوتی کەرکوک دەگەیەنینە ٧٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا

وەزیری نەوت: ھەناردەی نەوتی کەرکوک دەگەیەنینە ٧٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە کۆمپانیای (بی پی) بەریتانی دەکات کار بۆ گەشەپێدانی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک بکات.
عەبدولجەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مایکڵ تاوزەند بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (بی پی) بەریتانی پرۆژەیەکی پێشکەشی کۆمپانیاکە کردووە بۆ ئەوەی بێنە عێراق کاری گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک بگرێتە ئەستۆ.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکە بگەنە ڕێکەوتن و بەپێی پرۆژەکەش بەشێوەیەک کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک نوێ دەکرێنەوە کە ھەناردەی نەوت لەو کێڵگانە بگاتە زیاتر لە (٧٠٠) ھەزار بەرمیل لە رۆژێکداو بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی پسپۆڕی ھاوبەش لەکۆمپانیای (بی پی) و وەزارەتی نەوتی عێراق پێکدەھێنرێت.