واشنتۆن پۆست: تاڵەبانی سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک و زیرەک بوو

واشنتۆن پۆست: تاڵەبانی سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک و زیرەک بوو
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە راپۆرتیکیدا لەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال نووسیویەتی: جەلال تاڵەبانی یەکێک بوو لە سەرکردە ھەرە بەھێزەکانی عێراق و زۆربەی ژیانی لەپێناو پرسی نەتەوەکەی تەرخان کرد و زۆرێک لە عێراقیەکان بە سەرسامییەوە دەپرسن، ئەگەر "مام جەلال" لە کایە سیاسیەکەدا بمایە، ئاخۆ ئەو قەیرانەی ئێستای نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد سەری ھەڵدەدا؟
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە راپۆرتیکیدا لەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال نووسیویەتی: جەلال تاڵەبانی کە یەکێک بوو لە سەرکردە ھەرە بەھێزەکانی عێراق و زۆربەی ژیانی لەپێناو پرسی نەتەوەکەی تەرخان کرد، لە شاری بەرلین کۆچی دوایی کرد. 
لەو راپۆرتەی واشنتۆن پۆستدا ھاتووە، تاڵەبانی سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک و زیرەک بوو، دەیزانی لە چ کاتێکدا پرسی نەتەوەکەی بەرەو پێش ببات. 
بەر لە سەرنگومکردنی رژێمەکەی سەدام حسێن و دوای ئەوەش بەردەوام بوو لەسەر سەردانەکانی بۆ پایتەختەکانی جیھان لەپێناو بەرەو پێشبردنی ئەو پرسەدا، واشنتۆن پۆست لەو راپۆرتەدا باسی لە کەسایەتیی مام جەلال کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە: لەتافی لاوییدا نازناوی مامیان پێداوە، لەبەرئەوەی کەسێکی جددی بووە و دواتریش لە خۆشەویستیدا بەو ناوەوە بانگکراوە، تەنانەت لەلایەن رکابەرەکانیشیەوە. 
واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردووە: کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال لەکاتێکدایە کە بەھۆی ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی قەیرانێکی گەورە لەنێوان ھەولێر و بەغداددا سەری ھەڵداوە و زۆرێک لە عێراقیەکان بە سەرسامییەوە دەپرسن، ئەگەر مام جەلال لە کایە سیاسیەکەدا بمایە، ئاخۆ قەیرانێکی لەو شێوەیە سەری ھەڵدەدا. 
وەک کوردیک، تاڵەبانی بوو بە یەکەمین سەرۆکی عێراق و ھەرچەندە پۆستەکە تەشریفاتی بوو، بەڵام توانی کاریگەرییەکی گەورە لە کایەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا دروست بکات. 
لە ھەستیارترین کاتی مێژووی پڕ ھەوراز و نشێوی عێراقدا، توانی لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، بە تایبەت لەکاتی رووداوە خوێناویەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧ دا کە عێراقی خستە سەر لێواری  جەنگێکی تائیفی.