هەوڵی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەدرێت

هەوڵی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەدرێت

درێژەکێشانی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان و بێدەسەڵاتیی عادل عەبدولمەھدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی، نیگەرانیی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی بەدوای خۆیدا ھێناوە و داواکارییەکان بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەھدی لە پۆستەکەی زیادیکردووە.

تەواونەکردنی کابینەی حکومەت و بێدەسەڵاتیی عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئاست ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان و مانەوەی کێشەکانی حکومەتەکەی، ئەگەرەکانی بەردەوامنەبوونی عادل عەبدولمەھدی لە پۆستەکەی زیاتر کردووە و ھەندێک لایەنیش سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکان بوون و داوای دوورخستنەوەی دەکەن. 

حامد موسەوی ئەندامی ھاوپەیمانی بونیاد رایگەیاندووە: سەرباری ئەو داواکارییانەی بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەھدی بەرز دەکرێنەوە، بەڵام ھاوپەیمانی فەتح و سائیرون و لایەنە کوردستانیەکانیش لەگەڵ ئەوەدان کە ئاڕاستەی حکومەتەکە راست بکرێتەوە و بەھێز بکرێت، جەختیشیکردووەتەوە لەوەی کە ئەمریکا و حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ھەوڵی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەھدی دەدەن و لە پشت ئەو داواکارییانەوەن کە بۆ دوورخستنەوەی ھەیە. 

ھەروەھا سەرچاوەیەکی سیاسی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاندووە: چەند لایەنێک ھەن داوای کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی عادل عەبدولمەھدی دەکەن، چونکە کەسایەتییەکی سیاسی ئامانجی ئەوەیە بگەرێتەوە بۆ دەسەڵات بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسایەتییە ئاشکرا بکات.

لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی دەکرێن سەبارەت بە ھەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی عەبدولمەھدی، ھاوپەیمانیی نەسری عەبادی رەتیدکردووەتەوە ھەوڵێکی لەو جۆرە ھەبێت و ئەندامێکی ھاوپەیمانییەکە جەختیکردووەتەوە لەوەی تا ئێستا عەبدولمەھدی لەلایەن فەتح و سائیرونەوە پشتگیریی لێدەکرێت، بەڵام عەلی سنێد سەرکردە لە ھاوپەیمانیی نەسر رایگەیاندووە: ئامانجیان ئەوەبوو سیاسەتەکانی عەبدولمەھدی روونتر و بوێرانەتر بێت و کاریگەریی ھەندێک لەو کوتلە سیاسیانەی لەسەر نەبێت کە داوای بەشبەشێنە دەکەن، ھەربۆیە داوایکردووە ئەنجومەنی نوێنەران لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران بکات. 

نزیکەی حەوت مانگ بەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا تێپەریوە، بەڵام تا ئێستا کابینەکە تەواو نەکراوە و بەھۆی ناکۆکییە سیاسیەکانەوە کاندیدانی ھەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و داد و پەروەردە دیارینەکراون و ئەو وەزارەتانە بە وەکالەت بەرێوەدەبرێن، ئەمەش سەرۆک وەزیرانی خستووەتە ژیر فشارێکی گەورەوە، بە وتەی بەھا ئەعرەجی جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە بەردەوامیی ئەم رەوشەدا  بەدوور نازانرێت عادل عەبدولمەھدی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران ببێت، ئەعرەجی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەو ھەواڵانەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی بڵاوکرانەوە، ئەگەر راست نەبن، ئەوا دوور نین لە راستییەوە، چونکە عەبدولمەھدی باوەڕی بە بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی ھەیە، بەڵام ھاوبەشە سیاسییەکان ئازادیی تەواوەتییان پێنەداوە دەست بکات بە پڕۆسەی بنیادنان و راستکردنەوەی ھەڵەی قۆناغەکانی پێشوو. 

ئاشکراشیکردووە، ئەگەر لایەنەکان ھاوکاریی نەکەن لە تەواوکردنی کابینە وزارییەکەیدا، ئەوا عەبدولمەھدی دەستپێشخەری دەکات بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ پلە تایبەت و دەستە سەربەخۆکان، لە ئەگەری دروستکردنی ھەر رێگرییەکیش لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، ئەوا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئامادە دەبێت.