هێرشە چەکدارییەکەی سەر دوو مزگەوتەکەی نیوزلەندا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا

هێرشە چەکدارییەکەی سەر دوو مزگەوتەکەی نیوزلەندا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا

ھێرشە چەکدارییەکەی ئەمڕۆی نیوزلەندا بۆ سەر دوو مزگەوتی شاری کرایست کە ٧٠ قوربانی لێکەوە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و بوە ھۆی یەکخستنی گوتاری روبەروبونەوەی تیرۆر و توندڕەویی لەسەر ئاستی جیھان.

لەرۆژی ھەینیدا، جیھان بەگشتی و وڵاتانی مسوڵمان بە تایبەتی بەبیستنی کوشتارگە خوێناوییەکەی نیوزلەندا تاسان، ھێرشێکی چەکداری کرایە سەر دوو مزگەوتی شاری (کرایست چێرش)ی ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا 50 کەس کوژران و 20ی تریش بەسەختی برینداربوون بەپێی ھەندیک زانیاریی سایتە عێراقییەکان 3 لە بریندارەکان ھاووڵاتیی عێراقین، بەھۆی ناجێگیریی باری تەندروستیی بریندارەکانیش، پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوەکان دەکرێت.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە یەکێک لە چەکدارەکان بڵاوی کردۆتەوە، چەکدارەکە لە بەردەمی یەکێک لە مزگەوتەکان ئۆتۆمبێلەکەی رادەگرێت و دوای دابەزینی لە ئۆتۆمبێلەکە ئەو چەکەی کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدەدات دەردەھێنێت و بە ئاڕاستەی مزگەوتەکە دەڕوات و لە کاتی چوونە ژوورەوەی مزگەوتەکە دەست بە دەستڕێژی نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەکە دەکات و بەشێکی زۆریان دەکوژێت، دوای ئەوە جارێکی تر دەچێتەوە لای ئۆتۆمبێلەکەی و چەکەکەی دەگۆڕێت و روو لە مزگەوتەکە دەکاتەوەو بەھەمان شێوە جارێکی تر دەستڕێژی لە ھەموو ئەو قوربانیانە دەکاتەوە کە لە مزگەوتەکەدا کوژاروو بریندار بوون، دوای ئەوەش مزگەوتەکە بە 50 کوژارو و 20 بریندارەوە بەجێ دەھێڵێت. گرتە ڤیدیۆی تاوانەکە بەزوویی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو بۆوەو ھەڵوێست و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا.

دوای رووداوەکەش، پۆلیسی نیوزلەندا دەستگیرکردنی چوار کەسی راگەیاندووە کە پێکھاتوون لە سێ پیاو و یەک ژن، ھەروەھا دوو بۆمبیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە پووچەڵکراونەتەوە و ھۆشداریش درایە ھاووڵاتیان کە لەمزگەوتەکان دووربکەونەوە.میدیاکانی نیوزلەندا ناسنامەی یەکێک لە  پەلاماردەرەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە کەسێکی 28 ساڵی بەڕەگەز ئوستراڵیە و لە پەیامێکیدا پێش ئەنجامدانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی، ئامانجی ھێرشەکەی خستووەتەروو و گەڕاندوویەتیەوە بۆ پاراستنی ئایندەی نەژادەکەی کە دژایەتی کۆچبەرە مسوڵمانەکانە. لای خۆشییەوە جاسیندا ئاردێرن، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ئەو کارەساتەی بە رۆژێکی رەش لە مێژووی وڵاتەکەی ناوبرد و راشیگەیاند: تیرۆریستان بۆ ماوەی دوو ساڵ پیلانیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە داڕێژاوە. وتیشی پەلاماردەرەکان، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بیروبۆچوونی فاشیستیی بەریتانیا لە دەیەی 1920 بۆ 1930 و ئەندرێس بێرڤیک، ئەنجامدەری کوشتاری بەکۆمەڵی نەرویجی.

رووداوەکەی نیوزلەندا لەسەر لەسەر ئاستی جیھاندا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، سەرۆکی زۆر لە وڵاتان ئیدانەی کردەوەکەیان کردووە و ھاوخەمی خۆشیان بۆ نیوزلەندا دووپاتکردەوە، لە پەیامێکدا، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ئیدانەکردنی کردەوە تیرۆریستییەکە، ھاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشیشی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیەکان کرد، ھەروەھا عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکیدا داوای لە وڵاتانی جیھان کرد ھەوڵەکانیان بۆ بنەبڕکردنی کردەوە تیرۆریستییەکان چڕتر بکەنەوە.دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکاش لە تویتێکدا پاش دەربڕینی ھاوخەمیی خۆی، پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ نیوزلەندا دووپاتکردووەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا ھێرشەکەی بە کردەوەیەکی بێ رەحمانە ناوبردووە و بەتوندی ئیدانەی کردووە، بەپێی دوایین ئاماری نیوزلەندا کە ساڵی 2013 ئەنجامدراوە، زیاتر لە 46 ھەزار مسوڵمان لە نیوزلەندا بوونی ھەیە کە رێژەی لە 1%ی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەھێنن.