ناسا ھەسارۆکەیەک دەدۆزێتەوە کە بەھاکەی ملیارەھا دۆلارە

ناسا ھەسارۆکەیەک دەدۆزێتەوە کە بەھاکەی ملیارەھا دۆلارە

ئاژانسی گەردوونیی ئەمریکی (ناسا)، هەسارۆکە (ئەسترۆید) نوێی لە کۆمەڵەی خۆر دەدۆزێتەوە، کە زێڕ و پلاتنیۆمێکی زۆری لەسەرە و بەھاکەی بە ملیارەھا دۆلار مەزەندە دەکرێت. 

ئاژانسی گەردوونیی ئەمریکی (ناسا)، لە کۆمەڵەی خۆر هەسارۆکەیەکی نوێ دەدۆزێتەوە و پێکھاتەی خاکەکەی زێڕ و پلاتنیۆمە و دەکەوێتە دووریی 500 ملیۆن کیلۆمەتر لە ھەسارەی زەوی و ناوی (سایک 16)یە، کە دەکەوێتە نێوان ھەسارەی (موشتەری و مەریخ)ەوە.

ناسا ئاشکرایکردووە، هەسارۆکەکە توانای کێشکرنێکی زۆری ھەیە و بەردەوامیش پێکھاتەی زەوییەکەی لە گۆڕاندایە و تا ئێستاش رووبەری 27 ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لێ ئاشکراکراوە، کە ئەو رووبەرەش زیاترە لە رووبەری خاکی لوبنان. 

رۆژنامەی ئێکس پرێسی بەریتانیاش بڵاویکردووەتەوە، قەبارەی ئاڵتوون و پلاتنیۆم، لەسەر هەسارۆکەی سایک 16 بە بەھای 10 کوانیلیۆن کە لە زمانی ژمارەدا پێی دەوترێت (10 ملیار ملیار دۆلار) مەزەندە کراوە، لە کاتێکدا کۆی ئابووریی ھەموو جیھان لە 76 تریلۆن دۆلار تێپەڕ ناکات، دەشڵێت: "ئەگەر مرۆڤ دەستی بگاتە ھەسارەکە، بەھاکەی لەدەستدەدات".

ھاوکات ناسا هەسارۆکەکەی بە میوانە خۆشەویستەکەی ھەسارەی گۆی زەوی ناوبردووە.

زانایانی گەردوونناسیش دەڵێن: دۆزینەوەی ئەو هەسارۆکەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (کیپلەر)ە و یەکێک لە ھەلە گەورەکان لەبەردەستی مرۆڤایەتی و لە نێو ئەو 20 ھەسارەیەدایە، کە نزیکە لە ژینگەی ھەسارەی زەوی، بەڵام پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاتر ھەیە لە راستیی گونجاندنی ئەو ھەسارانە بۆ ژیان.

مانگی دەستکردی کیپلەر لەساڵی 2014ەوە تا ئێستا توانیویەتی ھەزاران ھەسارە بدۆزێتەوە و لە ناویشیاندا 20 ھەسارە ھەیە کە قەبارەیان کەمتر لە دوو ئەوەندەی قەبارەی زەوییە و دەڵێن گونجاوە بۆ ژیان.

بڕیاریشە لە ساڵی 2022 ناسا کەشتییەکی ئاسمانی رەوانەی ھەسارۆکەی (سایک 16) بکات و تا ساڵی 2026، دەتوانێت لە خولگەی کۆمەڵەی خۆر نزیک ببێتەوە.