ناتانیاهۆ وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران دەداتەوە

ناتانیاهۆ وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران دەداتەوە

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی هەڕەشەکانی تارانی دایەوە و رایگەیاند: هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە توانایدایە هەموو جێگایەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج.

ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ لە میانی سەردانی بنکەی ئاسمانیی نێڤاتیمی وڵاتەکەی، لە تەنیشت فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی F-35ی ئەمریکا رایگەیاند: لەم ماوەیەدا ئێران هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلی کردووە، بەڵام گرنگە ئەوان لەیادیان بێت فڕۆکە جەنگییەکانمان لە توانایاندایە بگەنە هەر جێگایەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناویشیاندا ئێران و سوریا.

ئەم لێدوانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، موجتەبا زولنور سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو: ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرش بکاتە سەرمان، ئەوا نیو سەعات لە تەمەنی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.