مەنسور مەرعید وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا ھەڵبژێردرا

مەنسور مەرعید وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا ھەڵبژێردرا

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا مەنسوڕ مەرعیدی وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا دەستنیشان کردو و سیروان محەمەدیش بە جێگری یەکەمی پارێزگار ھەڵبژێردرا.

لەکۆبوونەوەیەکدا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ مەنسور مەرعیدی وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا و سیروان محەمەدیش وەک جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ کاروباری ئیداریی، ھەڵبژارد.

پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی نەینەوا لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە کڕین و فرۆشتن بە پۆستی پارێزگاری نەینەوا کراوە.

لەماوەی رابردوودا بەھۆی ژێر ئاوکەوتنی کەڵەکەی موسڵ کە بەھۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، نەوفەل عاگوب پارێزگار و جێگرەکانی، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.

پێشتریش، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر داوای لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کردبوو، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ھەڵبوەشێننەوە، روونیشیکردەوە، لەبری ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان، ھاوڵاتیانی موسڵ پێویستیان بە خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەیە.