مۆڵەتی شۆفێری لە ھەرێم گۆڕانکاری بەسەردا دێت

مۆڵەتی شۆفێری لە ھەرێم گۆڕانکاری بەسەردا دێت

مۆڵەتی شۆفێری لە ھەرێم گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بۆ ئەو مەبەستە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کراوە. 

دوای شەش مانگی دیکە مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە ھەرێم گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت، بەجۆرێک مۆڵەتەکە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو بە سێ زمان کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە دروست دەکرێت کە وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی بە بڕی 33 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکە ئیمزا کردووە و مۆڵەتەکەش وەک مۆڵەتی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 

سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لە لێدوانێکی رایگەیاند: مۆڵەتی شۆفێرییەکە کواڵێتییەکی پێشکەوتووی ھەیە و بە سێ زمانە و لە رووی ئەمنیشەوە بەھیچ جۆرێک ناتوانرێت ساختە بکرێت.

عەمار سلێمان بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای (muhlbaur)ی ئەڵمانی رایگەیاند: مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی دروست دەکەن. 

سیستمەکە ماوەی سێ ساڵ دەبێت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە لایەن ھەمان کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت و سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.