شوێنی ئێستای بەغدادی ئاشکرا کرا

شوێنی ئێستای بەغدادی ئاشکرا کرا

شوێنێکی دوورە و لە عێراق و سوریا نەماوە
لە دوای دەرکەوتنەوەی "ئەبوبەکر بەغدادی" سەرکردەی گروپی تیرۆریستی داعش لە ڤیدیۆیەکدا، مشتومڕەکان لەسەر شوێنی مانەوەی زیادیان کردووە.

دوای ئەوەی زۆربەی دەزگا ھەواڵگرییەکان باسیان لەوە دەکرد "بەغدادی" لە ناوچەیەکی بچووکی نێوان سوریا و عێراق ماوەتەوە، ئێستا پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە شوێنێکی تری ژێر دەستی گروپەکەی، لە وڵاتێکی تر خۆی حەشاردابێت.

رۆژنامەی "دەیلی مەیلی" بەریتانی بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دامەزراوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی "براس تاکس"وە رایگەیاندووە، پێدەچێت "بەغدادی" چوبێتە دەرەوەی سوریا و عێراق، چونکە گروپە تیرۆریستییەکەی لەو دوو وڵاتە ھیچ روبەرێکیان بەدەستەوە نەماوە. ئەو دامەزراوەیە کە بارەگاکەی لە "پاکستان"ە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ھەڕەشەکانی سەر جیھان راشیگەیاندووە، بەپێی پێشبینییەکانیان پێدەچێت لە ئێستادا "بەغدادی" لە "ئەفغانستان" خۆی حەشاردابێت.

بەڵام بەشێک لە چاودێران و لێکۆڵەرەوان بە دووری دەزانن "بەغدادی" بەرەو ئەو وڵاتە ھەڵھاتبێت، چونکە گەیشتنی بە "ئەفغانستان" پێویستی بە گرتنەبەری رێگەیەکی مەترسیدار ھەیە و بۆ ئەوەش دەبێت بە "ئێران"دا تێبپەڕێت. "دەیلی مەیل" راشیگەیاندووە، یەکەیەکی ھێزی تایبەتی ئەمریکا نزیکەی ساڵێکە بە دوای "بەغدادی"یەوەن، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین داواکراوەکانی جیھان.

لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس"ی بەریتانی رایگەیاندووە، بەریتانیا و وڵاتانی تری نێو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە "لیبیا" بە دوای "بەغدادی"دا دەگەڕێن. لەو چوارچێوەیەشدا ھێزی ئاسمانی بەریتانی گەڕاونەتەوە بۆ کایەی ئاسمانی "لیبیا" و بە ھاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی ئیتاڵیا و ئەمریکا بە دوای "بەغدادی" دەگەڕێن و کۆدی "ئەی بی بی"یان بۆ بەکارھێناوە بۆ پێکانی ئامانجەکەیان. فەرماندەکانی نێو ھەواڵگری سەربازی بەریتانیاش رایانگەیاندووە، پێدەچێت شوێنی مانەوەی "بەغدادی" لە یەکێک لە ٧ لقەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەی بێت، لە باکوری ئەفریقا. 

ئەگەرچی تا ئێستا شوێنی مانەوەی سەرکردەی گروپی تیرۆریستی داعش دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە "بەغدادی" ناتوانێت بە ئازادای ھاتوچۆ بکات و دەیەوێت کەمترین شوێن بگۆڕێت، ئەوەش بۆ ئەوەی سەرنجی جیھان بۆ خۆی رانەکێشێت و شوێنەکەی ئاشکرا نەبێت.