لە نیوزلەندا ھێرشێکی چەکداری کرایە سەر دوو مزگەوت

لە نیوزلەندا ھێرشێکی چەکداری کرایە سەر دوو مزگەوت

لەھێرشێکدا بۆ سەر دوو مزگەوت، لە نیوزلەندا زیاتر لە 60 کەس کوژران و برینداربوون. 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نیوزلەندا ئاشکرایکرد چەکدارێک ھەڵیکوتاوەتە سەر دوو مزگەوت لە شاری (کرایست چێرش) لە نیوزلەندا و دەستدڕیژی گوللەی ئەنجامداوە. 

بەوتەی چەند شایەدحاڵێک چەکدارەکە جلوبەرگی سەربازیی لەبەردابووە و بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی تەقەی لە نویّژخوێنان کردووە. پۆلیسی نیوزلەنداش دەستگیرکردنی 4 گومانلێکراوی راگەیاندووە. 

جاسیندا ئاردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەنداش رایگەیاند: پەلامارەکە بۆ سەر ئەو دوو مزگەوتە بۆ ماوەی دوو ساڵ پلانی بۆ دڕاێژراوە و نزیکەی 50 کەس کوژراون، و دەیان کەسیش بریندار بون و 20 کەس  لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە. سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا پەلامارەکەشی بە تیرۆریستی ناوبرد. وتیشی: چوار کەس دەستگیراون کە یەکێیان ژنە و سێ کەس لە دەستگیرکراوەکان پەیوەندیان بە پەلامارەکەوە ھەیە. هەروەها رووداوەکەی بە رەشترین رۆژ لە مێژووی نیوزلاندا ناوبرد و راشیگەیاند: لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە بە زووترین کات بیسڕنەوە. 

راشیگەیاندووە: هێرشکەرەکان، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بیروبۆچوونەکانی سلڤاد مۆزلی، رابەری فاشیستەکانی بەریتانیا لە دەیەی 1920 بۆ 1930 و ئەندرێس بێرڤیک، ئەنجامدەری کوشتاری بەکۆمەڵی نەرویجی.

لای خۆشییەوە سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاندووە: ئەو کەسەی ھێرشەکەی نیوزلەندای ئەنجامداوە بەرەگەز ئوسترالی بووە و تیرۆریستێکی راستڕەو بووە و لێکۆڵینەوەش لەوبارەوە دەستیپێکردووە.