لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17 - 18 سەعات کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17 - 18 سەعات کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ماوەی پێدانی کارەبای بۆ مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە و داواش لە هاووڵاتیان دەکات بە کەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا هاوکارییان بکەن.

وەزارەتی کارەبا لە ماڵپەڕی رەسمیی خۆیدا رایگەیاندووە: پاش هەڵسەنگاندی بارودۆخی کارەبا و چۆنیەتی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارۆ ئاوی لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، کە لە ئێستادا بەتێکڕا 3570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەم بڕە کارەبایە و بەڕەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەڵکشانی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 5000 مێگاوات، وەزارەتی کارەبا دەتوانێت لە ناوەڕاستى ئەم مانگە 17- 18 سەعات کارەبا بدات بە هاووڵاتیان.

راشیگەیاندووە: 6 سەعاتەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلییەوە کارەبا بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە زیادبەکارهێنانی کارەبا، وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتیان دەکات هاوکارییان بکەن لە کەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە وەرزی هاویندا، بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەر و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا و بەهۆیەوە زۆربەی کات بەپێی پێویست ناتوانرێت کارەبا بگەیەنرێت.