لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستان

لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستان

ھەمیشە لەگەڵ ناو ھێنانی کۆماری کوردستان ناوی چوار ئەفسەریش دەھێنرێت کە دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق بە رێککەوتنێکی ژێر بەژێری نێوان شای ئێران و رژێمی ئەو کاتی عێراق لە سێدارەدران. 

لە رۆژی ٠٨-١٢-١٩٤٦ دا بە چاوپۆشیی (ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران)، سوپای شای ئێران، بە شێوەیەکی دڕندانە ھێرشیان بردە سەر ئازربایجان و کوردستان، دوای کوشتن و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی، کۆماری کوردستان بەرگەی ئەو ھێرشەی نەگرت، مەھابادی پایتەخت گیرا، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧، قازی محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد لە سێدارەدرا.

دوای رووخانی کۆمارەکە، (سەرھەنگ عێزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، و محەممەد قودسی و خەیروڵڵا عەبدولکەریم) بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ عێراق دا و متمانەیان بەبەڵێنەکانی حکومەتی ئەوکاتی بەغداد کرد، کە پێشتر ئەو ئەفسەرانە پلەوپایەی سەربازی ناو سوپای عێراقیان بەجێھێشتوو  چووبوونە ناو سوپای کۆماری کوردستان لە مەھاباد و ھەریەکەیان ئەرکێکی پێ سپێردرا.

بەڵام بە رێککەوتنێکی ژێر بەژێر لەگەڵ شای ئێران، لەگەڵ رژێمی ئەوکاتی عێراق، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩٤٧ ھەواڵی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری مەھاباد بڵاو کرایەوە.

لەو ڕۆژەدا، بە فەرمانی ساڵح جەبری سەرۆکی حکومەتی عیراق، دادگای سەربازیی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر ئە و چوار ئەفسەرە دا و بڕیارەکە جێبەجێکرا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستان، شاری سلێمانی خرۆشا، ئێوارەی ھەمان رۆژ خۆپیشاندان لەشار دەستی پێ کرد، خۆپیشاندەران لەبەردەرکی سەراوە بەرە و ماڵی موتەسەڕیف بەھوتاف کێشان ڕۆیشتن، کۆبوونەوەکان تا دەھات فراوانتر دەبوون، بەڵام حکومەت گوێی لە داوای گەل و ھاووڵاتیانی شاری سلێمانی نەگرت و چی بڕیار درابوو ھەر ئەوە کرا، حکومەتی ساڵح جەبر تاوانەکەی جێبەجێ کرد.

کەژاوەی شەھیدان بەرە و کوردستان بەڕێ کرا، تەرمی شەھید عزت عبدالعزیز برایە ئامێدی، تەرمی شەھید خیراللە عبدالکریم بۆ ھەولێر، تەرمی ھەردوو شەھید مستەفا خۆشناو و محمد قودسی بۆ سلێمانی ھێنرانەوە، میللەت خرۆشا بوو، تووڕەیی و خەم ڕوخساری خەڵکەکەی داپۆشیبوو، ھەر لەبەیانی زوەوە شەقامەکان پڕبوون.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وتار و ڕێ و رێورەسمی بە خاکسپاردنی ستەفا خۆشناو و محمد قودسی دەکرد، کە لەسەر وەسێتی خۆیان خۆیان لەپاڵ گۆڕی مەحمود جەودەت، لە گردی سەیوان بەخاک سپێردران.