لە سنە پەردە لەسەر ئینسکلۆپێدیای فەرھەنگ و ھونەر و شارستانییەتی کوردستان لادرا

لە سنە پەردە لەسەر ئینسکلۆپێدیای فەرھەنگ  و ھونەر و شارستانییەتی کوردستان لادرا

لە شاری سنە لە رێورەسمێکی شایستەدا پەردە لەسەر چواربەشی یەکەمی ئینسکلۆپێدیای فەرھەنگ و ھونەر و شارستانییەتی کوردستان لادرا.

لەو رێورەسمەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان و رۆشنبیرانی کورد بەشداربوون، جێگری حەوزەی ھونەریی ئێران لە وتەیەکدا رایگەیاند: پرۆژەی ئینسکلۆپێدیای کوردستان ھەوڵ دەدات فەرھەنگ و شارستانییەتی کوردستان لە روانگەی مێژووی فەرھەنگییەوە بخوێنێتەوە و لەو رووەوە گرنگە، کە ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت فەرھەنگی کوردستان بە شێوەی نووسراو بۆ داھاتوو بپارێزێت.

ھاوکات عەتا نەھایی نووسەر و رۆماننووسی کورد وێرای جەختکردن لەسەر گرنگیی دووبارە نووسینەوەی مێژوو بە ھەموو لایەنەکانییەوە لە لایەن پسپۆڕانەوە، وتی: ئەم ھەوڵە وەک سەرەتایەکە بۆ رێگایەکی دوور و درێژ، دەبێت بەوپەڕی ھێزەوە بەردەوام بێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم رێورەسمەدا، تیپی مۆسیقای کچانی سنە، بە پێشکەشکردنی چەند بەرھەمێکی ھونەری لەوانە خوێندنەوەی گۆرانی "ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە" بەرەوپیری ساڵی نوێ و نەورۆز رۆشتن. 

لە کۆتایی ئەم رێورەسمەدا، پەردە لەسەر چوار کتێبی ئامادەکراوی ئینسکلۆپێدیاکە لادرا کە بریتی بوون لە: کوردستان و رۆژھەڵاتناسان، کوردستان و کەسایەتییەکان تایبەت بە ناسینی سەنجەرخان، کوردستان و ئەدەبی حیماسی و کتێبی ئەدەبی فولکلۆر.

ئەم چوار بەرگەی ئینسکلۆپێدیای کوردستان لە لایەن نووسەران و مامۆستایانی کوردی زانکۆوە ئامادەکرابوو.

بڕیارە ئەم پرۆژەیە بگاتە 110 بەرگ و چەندین بواری فەرھەنگیی، ئەدەبیی، مێژوویی، ھونەریی بگرێتەخۆ.