لە سلێمانی پانێڵێک لەبارەی ریفۆرمی ئابووری بەڕێوەچوو

لە سلێمانی پانێڵێک لەبارەی ریفۆرمی ئابووری بەڕێوەچوو

بە ناونیشانی (بە تایبەتکردن و کاریگەری لە سەر گەشەپێدان و ریفۆرمی ئابووری) ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە پانێڵێک لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

پانێڵکە بۆ د.عزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و د.محەمەد رەئوف سەعید لێپرسراوی بەشی توێژینەوەی زانستی مەڵبەندی کوردۆلۆجی و د.بەیاد جەمال عەلی ئەکادیمی و خاوەنکار  لە ھۆڵی مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەپانێڵەکەدا، لە رووی ئەکادیمی و پەرلەمانی و کەرتی تایبەتەوە، باس لە ریفۆرمی ئابووری کرا بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە حکومەت ھانبدرێت زیاتر لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت و ھەردوولا ڕۆڵی گرنگیان ھەبێت لە پێشخستنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانەوە. 

د.پێشەوا عەبدولخالق، بەڕێوبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: بەشداربووانی پانێڵەکە، ھەریەک لە گۆشەنیگای پسپۆڕیی خۆیەوە باسیان لە پرسەکە کرد.

وتیشی: گرنگە ناوەندە ئەکادیمییەکان ببنە پردێک لە نێوان زانکۆ و حکومەت و پەرلەمان و بازاڕ و خاوەنکاراندا.

د.عزەت  سابیر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، ئابووریی ھەرێمی کوردستان تێکەڵاوە، کە بەشێکی دەوڵەت بەڕێوەیدەبات، بەشەکەی تریشی کەرتی تایبەت.

د.عزەت سابیر لەبارەی پستبەستن بە کەرتی تایبەت لە ئابوورییدا، کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە بە نموونە دەھێنێتەوە، کە ماوەی 15 ساڵ حکومەت بەڕێوەی دەبرد، بەرھەمەکەی لە 300 ھەزار تەن تێنەدەپەڕی، بەڵام دواتر کە درا بە کەرتی تایبەت، ئاستی بەرھەمی کارگەکە گەیشتە 2 ملیۆن تەن لە ساڵێکدا.