لە رێی پڕۆژەیاسایەک پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەران دەکرێت

لە رێی پڕۆژەیاسایەک پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەران دەکرێت

پڕۆژەیاسایەک  لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا و دوای جێگیرکردنی پێشنیازەکان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

لە ھەوڵێکدا بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی لە مووچەی فەرمانبەران و بەرزکردنەوەی مووچەی پلە نزمەکان، پڕۆژەیاسایەک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کراوە و چاوەروان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا و دوای جێگیرکردنی پێشنیازەکان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: بەپێی پڕۆژەیاساکە دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران. 

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: پڕۆژەیاسای ئیدارەی دەوڵەت کە یاساکانی خانەنشینی و رێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەخۆدەگرێت، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت. 

وتیشی: لە پڕۆژەیاساکەدا دەسەڵات دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی مووچە. 

لەلایەکی تریشەوە، عالیە نوسەیف ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە پێشنیازێک لەلایەن لیژنەکەیانەوە دراوەتە ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ یەکخستنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەپێی بنەمای دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان. 

وتیشی: ئامانج لە دەرکردنی یاساکە بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی فەرمانبەرانی دەوڵەتە، بەجۆرێک مووچەی ھیچ فەرمانبەرێک لە 300 ھەزار دینار کەمتر نەبێت.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ھەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ بەلاڕێدابردنی یاساکە لە سەر رێی راستی خۆی و دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە، پڕۆژەیاساکە بۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانگە تایبەتەکانە وەک سەرۆکایەتییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران، لە کاتێکدا ھەریەکێک لەو دوو فەرمانگەیە یاسای تایبەت بەخۆیان بۆ دەرچووە، تەنانەت وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوەو خوێندنی باڵاش یاسای تایبەت خۆیان ھەیە، پڕۆژەیاسای ئیدارەی دەوڵەتیش تایبەتە بە بەرزکردنەوەی مووچەی فەرمانگەکانی تری وەک پەروەردە و تەندروستی و پیشەسازی، ئەگەر بیانەوێت دادپەروەری بەدیبھێنن.

ھەر لەسەر ھەمان پرس، حسین عیقابی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێویستی دەزانێت، پڕۆژەیاسای پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران بە پێی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت. 

لەبەرئەوە، پێشنیازەکانی وەزارەتی دارایی بۆ گۆڕینی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران بە تایبەت پلەکانی 5 تا 10 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ رای گشتی خراونەتەروو.