لیڤەرپوڵ دەیەوێت سیناریۆی وەرزی رابردوو بەرامبەر پۆرتۆ دووبارە بکاتەوە

لیڤەرپوڵ دەیەوێت سیناریۆی وەرزی رابردوو بەرامبەر پۆرتۆ دووبارە بکاتەوە

یانەی لیڤەرپوڵ لە میانی یارییەکانی چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنس لیگ میوانداریی یانەی پۆرتۆ دەکات و ئامانجیشی ئەوەیە سیناریۆی وەرزی رابردوو بەرامبەر بەو یانەیە دووبارە بکاتەوە و لە رێگەیەوە ھەر لە یاریی چوونەوە سەرکەوتنی بۆ قۆناغی پێش کۆتایی یەکلایی بکاتەوە.

ئەرکی یانەی لیڤەرپوڵ لە یانە گەورەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنس لیگ تا رادەیەک لە ھەموویان ئاسانترە و رووبەڕووی یانەی پۆرتۆ دەبێتەوە کە وەرزی رابردووش توانی لە یاریی چوونی قۆناغی 16 بە 5 گۆڵی بێ بەرامبەر لێی بباتەوە و ھەر لە یاریی چوونەوە سەرکەوتن مسۆگەر بکات.

ئەمجارە جیاواز لە وەرزی رابردوو لیڤەرپوڵ یاریی چوون لە یاریگای ئەنفێڵد دەکات و دەیەوێت ئەنجامێکی وەھا تۆماربکات یارمەتی دەربێت بۆ ئەوەی یاری گەڕانەوە لە پرتوگال بەبێ گوشار یاری بکات.

لیڤەرپوڵ پێش بەڕێوەچوونی یارییەکان پاڵێوراوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن تۆماربکات بەتایبەت کە سوورەکان لە یاریگای خۆی بە ئاستی بەرز دەردەکەون و توانیویانە لە کۆی 4 یاری، 3 سەرکەوتن و یەکسانبوونێک بنووسنەوە.

پۆرتۆ لە قۆناغی کۆمەڵەکان بە ئاستی بەرز دەرکەوت و لە کۆی 6 یاری 5 سەرکەوتنی نووسییەوە و لە قۆناغی 16شدا توانی یانەی رۆما بکاتە دەرەوە کە وەرزی رابردوو یەکێک بوو لە یانەکانی قۆناغی پێش کۆتایی.

بە پێچەوانەوە، لیڤەرپوڵ لە قۆناغی کۆمەلەکان ئاستی وەکو پێویست نەبوو کە ئەو یانەیە دووچاری 3 شکست ھات و تەنھا لەدوا جەولەدا سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر بکات، لەو قۆناغی پێشووش یانەکە ھەرچەندە لە یاریگای خۆی لەگەڵ بایرن مونشن یەکسانبوو، بەڵام لە ئەڵمانیاوە بلیتی سەرکەوتنی بۆ ئەم قۆناغە بە بردنەوەیەکی شایستە بەدەستھێنا.

لیڤەرپوڵ دوای گەڕانەوە بۆ پێشەنگی ریزبەندیی پریمەرلیگ، میوانداریی پۆرتۆ دەکات کە ھەرچەندە یانە لە یارییەکانی پێشووی ئاستی وەکو پێویست نەبووە، بەڵام توانیویەتی سەرکەوتن تۆماربکات و خاوەنی 5 سەرکەوتنی لەسەریەکە.

لەم یارییەشدا یانەکە لە باشترین دۆخی دەبێت بەتایبەتی دوای گەڕانەوە محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەکە بۆ گۆڵکردن کە لە باشترین کاتدا کۆتایی بە مانگرتنەکەی ھێنا لە گۆڵکردن، بەڵام رێدز لەم یارییە بێ بەش دەبن لە تواناکانی رۆبەرتسنی بەرگریکار و چاوەڕێ دەکرێت جیمس میلنەر جێگەی بگرێتەوە.

لەبەرامبەردا دۆخی پۆرتۆش لە ناوخۆ ھاوشێوەی لیڤەرپوڵ کە ئەو یانەیەش لە رکابەریەکی سەختدایە لەگەڵ یانەی بەنفیکا لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی پرتوگال.

پۆرتۆ لە یاریی بەرامبەر لیڤەرپوڵ ھەوڵ دەدات بە کەمترین زیان بێتە دەرەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە یاریی گەڕانەوەدا قەرەبووی بکاتەوە و خۆی بگەیەنێتە قۆناغی پێش کۆتایی، بەڵام ئەرکی کوڕانی سێرجیۆ کۆنسێساو ئاسان نابێت، بەتایبەتی کە لە یاریی چوون لە توانای 2 لە باشترین یاریزانەکانیان بێ بەش دەبن کە یەکەمیان پیپی بەرگریکارە و دووەمیشیان ئەندێر ھێرێرای کاپتنە کە بەھۆی سزادانەوە یاری ناکەن و گومانیش لە بەشداریکردنی تیلیسی ئەستێرەی یانەکە ھەیە کە لە کاتی پەنالتی جێبەجێ کردندا بەشێوەیەکی سەیر تووشی پێکان بووە.

ھیوای پۆرتۆ لەم یارییە لەسەر موسا ماریگای ھێشبەرە کە توانیویەتی لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ لە 7 یاری 6 گۆڵ تۆماربکات، لەبەرامبەردا لیڤەرپوڵ ھاوشێوەی وەرزی رابردوو پشت بە سیانە ھێرشبەریەکەی دەبەستێت کە لە ساڵاح و مانی و فێرمینیۆ پێکھاتوون.

لە رابردووشدا ئەم 2 یانەیە 6 جار لە یاریی رەسمی رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و پۆرتۆ نەیتوانیوە لە ھیچ کام لەو یارییانە سەرکەوتن تۆماربکات، لەبەرامبەردا لیڤەرپوڵ 3 یاری براوە بووە و 3 یاریش یەکسانبووە.