لاڤرۆڤ سندوقێک بۆ شتە نھێنییەکان دەبەخشێتە سەرۆکی کۆریای باکوور

لاڤرۆڤ سندوقێک بۆ شتە نھێنییەکان دەبەخشێتە سەرۆکی کۆریای باکوور
سێرجی لاڤرۆڤ سندوقی پاراستنی نھێنییەکان دەبەخشێت بە کیم جۆنگ ئۆن سەرۆکی کۆریای باکوور و چاودێرانیش لەلایەن خۆیانەوە بە پەیامێکی ناڕاستەوخۆی ناودەبەن.

سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ پیۆنگ یانگ پایتەختی کۆریای باکوور، سندووقێکی کلتووریی کۆنی روسی بە دیاری دەبەخشێتە کیم جۆنگ ئۆن سەرۆکی کۆریای باکوور و لەوکاتەی کلیلی سندووقەکەی دەداتە دەست، پێیدەڵێت: "ئەمە کلیلی سندوقەکەیە و لێرە دەتوانیت شتە نھێنییەکانت بپارێزیت"

پێشکەشکردنی ئەم دیارییە لەلایەن وەزیری دەرەوەی روسیا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا، بەتایبەتی لەلایەن چاودێرە سیاسی و شارەزایانی خوێندنەوەی زمانی جەستە، کە رایدەگەیەنن: پێشکەشکردنی سندوقی نھێنی و وتنی (لێرە دەتوانیت شتە نھێنییەکانت بپارێزیت) ئاماژەیە بۆ شاردنەوەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور و مانەوە وەک سەرچاوەیەکی نیگەرانیی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

یاخود بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سندوقەکە روسییە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی مۆسکۆ نیازی وایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیۆنگ یانگدا پتەو بکات و کۆریای باکووریش لەو رێگەیەوە دەتوانێت شتە نھێنییەکانی بپارێزێت، لەوانەش (پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی).